كوردی عربي English
وتار

شایەتی دانی درۆ لە ڕوانگەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و یاسای سزاکانی عێراقییەوە 

پارێزەر زانا مەولود

پێشەکی ( بەرچاو ڕوونی )

پێش ئەوەی دەربارەی شایەتی دانی درۆ بنوسین، پێویستە ئاماژەیەک بدەین بە گرينگی و ڕۆڵی ئەرێنی  شایەتی دانی ڕەوا (حەق)  و بە کورتی تیشک بخەینە سەر ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی هەردوو جۆری شایەتییەکە لەسەر بەجێ گەیاندنی دادپەروەری : شایەتی دانی ڕەوا (حق)  وەک هۆکارێکی گرینگ  لە دەرکەوتنی ڕاستییەکان و نەهێشتنی نادادپەروەری    ڕوونکردنەوەی هەموو ناڕوونییەکانی پەیوەست بەبابەتی لێکۆڵینەوە رۆڵی سەرەکی هەیە، دەشێت لەڕێی شایەتی دانی ڕەوا و ئەو پرسانەی کە بە تەواوی ڕوون نین پێویستیان بەتەواو کارێک هەیە  ڕوون بکرێنەوە تاکو لە چۆنیەتی ڕوودانی تاوانەکە تێبگەین و کەیسە یاسایەکە بکەوێتە سەر  ڕێڕەوی خۆی . کاریگەری و ڕۆڵی  شایەتی دانی درۆ بەتەواوی پێچەوانەی کاریگەری و ڕۆڵی ئەرێنی شایەتی دانی ڕەوان .  بۆنموونە شایەتی دانی ڕەوا هۆکارێکە لەهۆکارەکانی دەرخستنی ڕاستیەکان و بەرچاو ڕوونی لایەنی دادوەری  بۆ تێگەشتن لەڕاستی ڕووداوەکان بەڵام شایەتی درۆ کاریگەریەکەی پێچەوانەیە هۆکارێکە لە هۆکارەکانی شاردنەوەی ڕاستیەکان و سەرلێشێواندنی لایەنی دادوەری .

 / ئامانج  لە نووسینی ئەم وتارە

 ١/ سود گەیاندنە بەهەموو خوێنەران و خستنەڕووی چەند زانیارییەکە لەسەر ئەم تاوانە بەمەستی ئاشناکردنی خەڵکی بەگشتی و خوێندکارە ئازیزەکانی بەشەکانی یاسایە لە زانکۆکان بەم تاوانە  هەروەها بەمەستی  ئەوەی  ئەم  پارچە نوسینە کورتە ببێتە هاندەرێک و بەرچاو ڕوونیەک بۆ خوێندکارانی یاسا  تاوەکو زیاتر گرنگی بە  ئەم بابەتە بدەن وبخوێنەوە وبنوسن لەسەر ئەم بابەتە . وە  لە توێژینەوەکاندا ئاوڕێک لەم  بابەتە بدرێتەوەو فەرامۆش نەکرێت . 

٢/ هەروەها ئەم زانیاریانە وەک بیر هێنانەوەیەکە بۆ هاوپیشە ئازیزەکانم سەرجەم پارێزرە ئازیزەکان تاوەکو گرنگی زیاتر بەم بابەتە بدەن  و زیاتر لەسەری بنوسن و لێکۆڵینەوە  لەم بابەتەدا بکەن  .

 پەیامی من بۆ خوێنەران /

ڕەخنە و پێشنیازەکانتان هۆکارێکە بۆ دەوڵەمەند بوونی ئەم وتارە

  پێکهاتەی وتارەکە  سێ بەشە،  بەشی یەکەم تەرخان کراوە  بۆ خستنەڕووی چەند زانیارییەکی سەرەتای لەسەر شایەتی دانی درۆ بەمەستی ناساندنی کردەوەکە و بەرچاو  ڕوونیەک بۆ خوێنەرانی ئەم وتارە تاکو بزانن لەبارەی چیەوە دەخوێننەوە  بەم جۆرە ئاشنایەکی سەرەتاییان لەسەر بابەتەکە لەلا دروست ببێت .

لە بەشی دووەمدا هەڵوێستی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەپشت بەستن بەبەڵگە شەرعیەکان لەسەر ئەم کردە نەرێنیە دەخرێتە ڕوو   .

لە بەشی سێیەم و کۆتا بەشی  وتارەکە دا هەڵوێستی یاسای سزای عێراقی لەسەر ئەو کردە مرۆییە دەخرێتە ڕوو ،  وە لەم بەشەدا وتارەکە زیاتر دەوڵەمەند دەکرێت لەڕێی خستنەڕووی چەند زانیاریەکی یاسای پەیوەست بە شایەتی دانی درۆ  .

بەشی یەکەم

ناساندنی شایەتی دانی درۆ

واتای یاسای چەمکەکە بریتیە لە بە ئەنقەست گۆڕینی ڕاستییەکان بە شێوەیەک کە لایەنی دادوەری (دادگا)  لە بەرژەوەندی یان دژی یەکێک لە نەیارەکان بەلاڕێدا ببات.

شایەتی دان : بریتیە لە لێدوان و دەربڕینی کەسێک کە هەستی بەڕوودانی تاوانێک کردووە لەڕێگەی یەکێک لەهەستەوەرەکانیەوە ئەم کەسە باس لە چۆنیەتی ڕوودانی ئەو تاوانە دەکات کەهەستی پێ کردووە .

 درۆكردن:(پێچەوانەی ڕاستی) دەستەواژەیەکە  کە دەردەبڕدرێت بۆ کەسێک (یان کۆمەڵە کەسێک) لەلایەن کەسێک (یان کۆمەڵە کەسێک) ی ترەوە ، لە کاتێکدا ئەو کەسەی بە کارەکە ھەڵدەستێت واتە  درۆ دەکات یان ڕاستی پێچەوانە دەکاتەوە  ئاگادارە لە  ناڕاستی دەربڕینەکە .  درۆکردن رەفتارێكی قێزەونی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیە، بەڕەوشتێكی خراپ و مەترسیدار ناوزەند دەكرێت.

هەردوو چەمکی درۆکردن و شایەتیدان پێکەوە دەبەسترێنەوە و سەرەنجام چەمکی ئاوێتەی  بابەتی وتارەکەیان لێ پێک دێت :  بیرمەندە ئاینی و یاساییەکان هەریەکان بەجۆرێک گوزارشتیان لەم چەمکە ئاوێتەییە  کردووە   ، بەڵام لەهەموو ئەمانە گرنگ تر یاسادانەری عێراقی پێناسەی بۆ ئەم چەمکە یاساییە دیاری کردووە  بۆیە لەم وتارە یاساییەدا پێناسەی یاسادانەری عێراقی بەهەند وەردەگرین ٫  یاسای سزاکان لەمادەی 251 پێناسەی  شایەتی درۆ دەکات (شایەتی دانی درۆ بریتیە لەو حاڵەتەی پاش سوێند خواردنی کەسی شایەت لەبەردەم دادگای شارستانی یان کارگێڕی یان لایەنی تەمبێ کاری یان دادگای تایبەت  یان لایەنێک لەلایەنەکانی لێکۆڵینەوە کەسی شایەت شایەتی لەسەر ڕاپۆرتێکی پوچەڵبدات یان نکۆڵی لە مافێک بکات یان هەڵسێت بەشاردنەوەی بەشێکی یان هەمووی لەوەی دەیزانێت دەربارەی ئەو ڕووداوەی کەشایەتی لەبارەوە دەدا  ) .

بەجۆرێکی تر گوزارشت لە شایەتی دانی درۆ دەکرێت (بریتیە لەکاری ساختەکاری وپێچەوانەکاری ڕاستی لەلایەن کەسی شایەت بەمەستی سەرلێشواندنی دادگا بۆ بەرژەوەندی یان لە  دژی یەکێک لە لایەنەکان )  

بەشی دووەم

هەڵوێستی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر شایەتی دانی درۆ

لەڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە شایەتی دانی درۆ یەکێکە لەکارە خراپەکان  ، پێغەمبەرمان هەموو باوڕدارانی لەو کارە خراپە  ئاگادار کردووەتەوە داوای لێکردووین دوور بکەوینەوە لەو کارە خراپە فەرمایشتێکی پێغەربەرمان صلی اللە علیە وسلم ‌ لەم بارەوە  (ألا وقول الزور)  بوخاری ڕوایەتی کردووە . هەروەها  لە قورئانی پیرۆزدا داوا لەباوڕداران کراوە خۆیان بەدور بگرن لەوکارە خراپە  وەک یەکێک لە کارە خراپەکان دانراوە  ﴿ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّور ﴾ [الحج:30       

بەشی سێیەم

هەڵوێستی یاسای عێراقی لەسەر شایەتی دانی درۆ

شایەتی دانی درۆ وەک ڕەفتارێکی نەرێنی  کاریگەری خراپی هەیە لەسەر چەندین ماف ٫ بەهۆی ئەم کارەوە چەندین خاوەن ماف لەمافەکەیان بێ بەش دەبن بۆنموونە لەوانەیە بەهۆی ئەم کارەوە چەندان کەسی بێتاوان مافیان پێشێل بکرێت و تاوانبار بکرێن و ڕووبەڕووی سزای یاسای ببنەوە  و   چەندان کەسی تاوانباریش لە سزا ڕزگاریان ببێت . وەهەروەها  چەندان مافی تر لە مەترسی ئەم کارە خراپە پارێزراونین  جگە لە کاریگەریە نەرێنیەکانی ئەم کارە بۆسەر مافەکان ئەم کارە زیان بە  بەڕێوەچونی دادگەری دەگەیەنێت ، کاریگەری نەرێنی لەسەرڕێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوە هەیە ئەم کارە  کاریگەری ڕاستەوخۆ دروست دەکات لەسەر ماف و پێگە و دۆخی کەسەکان  لەبەردەم دادگا . لەبەر ئەم هۆکارانەو چەند هۆکارێکی تر یاسادانەر لە مادەی 251 دا ئەم کارەی بەتاوان وەسف کردووە لە مادەی 252 سزای بۆ ئەو تاوانە دیاری کردووە  . له مادەکەدا  سزای ئەو تاوانە بە بەندکردن و پێ بژاردن یان یەکێک لەو دوو سزایە دیاری کراوە بەم پێیەش بێت ئەم تاوانە بەجۆری جنح (کەتن) دادەنرێت لەتاوانەکان  بەگوێرەی حکومەکانی مادەی 26 یاسای سزاکان دەقی مادەکە بەوجۆرە گوزارشتی لێ دەکات .

(الجنحة هي الجريمة المعاقب عليها بإحدى العقوبتين التاليتين:

1 – الحبس الشديد او البسيط أكثر من ثلاثة أشهر إلى خمس سنوات.

2 – الغرامة.)

تاوانی شایەتی دانی درۆ بەیەکێک لەو تاوانانە دادەنرێت کەمافی کەسی تایبەت و مافی گشتی تێیدا پێشێل دەکرێت  واتە بەجرائمی حق عام دادەنرێت (  تنازل و صلح ) تێیدا ناکرێت ئەگەریش بکرێن تەنها کاریگەریان لەسەر مافی تایبەت هەیە لە تاوانەکە بۆنموونە : لەوکاتەی کە کە سی زیان لێکەوت و یان تاوان لەسەر کراو لە مافەکەی خۆی خۆش دەبێت و دەڵێت هیچ سکاڵایەکم نیە  لەم کاتەدا دواکاری گشتی مافی دەستێوەردانی هەیە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات  لە سەر کەسی تۆمەتبار بەم تاوانە  .  داواکاری گشتی بەم کارەی داکۆکی لەمافی گشتی دەکات  ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ئەرکە یاساییەکانی ئەو دامەزراوەیە .  

Back to top button