كوردی عربي English
وتار

درەنگ یەکلاکردنەوەى داواکان، نادادپەروەرییەکى یاساییە

پارێزەر گۆران ساڵح عبدالقادر

سیستمی دادوەری لە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی خاوە و پڕ رۆتیناتە ، دادگا بێباکە لە زوو یەکلاکردنەوەی دۆسیە و داواکاندا ، هیچ قورسییەک لەوەدا نیە ئەگەر لایەنەکان ” بە تایبەت پارێزەر” بیانەوێت دەتوانن داواكان درێژ بكەنەوە بۆ چەندین ساڵ، هەندێک داوا هەیە ماوەی شەش حەوت ساڵە دادبینی و دادگایی تێدا دەبینرێت هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە ، لەماوەی دواخستنی کەیسەکانیشدا كەسی مافخوراو و ستەملێكراو بەداخی وەرگرتنەوەی مافەکەیەوە رۆژ و سەعات دەژمێرن. لە بەرامبەریشدا ستەمكار لەزەت لەو ستەمە دەبینێت کە کردوویەتی!

ئەوانەش نابنە هەند بۆ دادگــــــا ، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ دادوەر ئەوەیە دوالەسەركراو ئاگادارنەکراوەتەوە، داواکە مانگێک دواخرا ، مۆڵەت بدرێت بە داوالەسەركراو بۆ ئەوەی پارێزەر بگرێت داواکە مانگێک دواخرا ، مۆڵەت وەرگرتن بۆ هێنانی شاهید دوو مانگ داواکە دواخرا ، چەند مانگێکیش بۆ جەنابی دادوەر سەبارەت بە وردبینی کردن کە داواکە ، ئەمەش جگە لەو دواخستنانەی بە هۆی پشوی دادگا “عطله محاكم ” و ڕاسپاردنی شارەزا بۆ نوسینی ڕاپۆرت و بانگکردنی لایەکانەوە دروست دەبێت. دواتریش قۆناغی تانەدان ” تەمییز” دێتە پێشەوە کە زۆربەی جار نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت!

لە دواخستنی داواکاندا پشکی شێر بەر ” ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تەمییز و یاساکان و ڕۆتینات و لایەکان و پارێزەر…. هتد ” دەکەوێت ، دواجاریش زیانەکەی بەر کۆمەڵگا و کۆی سیستمی دادوەریی و پرۆسەی پیادەکردنی دادپەروەری دەکەوێت!

هەندێکجار پارێزەران دەبنە بەشێک لەو نادادییەی کە دروستدەبێت و دەبنە هۆکاری ئەوەی داوا و دۆسییەکان درەنگ یەکلایی ببنەوە ئەوەش بە تەقدیمکردنی داواکاری دواخستن و تیانووسە بێبەرهەمەکانیان. هەرچەندە زۆربەیجار “بریکاردەر ” داوا لە پارێزەرەکەی دەکات کە داواکەی بۆ دوابخات.!

هۆكارەکانی دواخستنی داواکان زۆرن بەڵام ئەوەی بۆتە هۆکاری سەرەکی نەبونی دەقێكی یاسایی صەریحە کە ڕێگەدان بە دواخستنی داواکان کەم بکاتەوە. هەروەها پابەندکردنی دادوەران بەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو داوایەی لە بەردەستیاندایە یەکلای بکەنەوە. لە حاڵەتی تەواوبوونی ئەو ماوەیە دادوەر لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

بۆ چارەسەری ئەم بابەتەش دەبێت سەرەتا لە یاساکانەوە دەستپێبکرێت . یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان و یاسای دادبینی شارستانی دوو یاسایی کۆنی ئیجرائین یەکەمیان سەرەتای حەفتاکان و ئەویتر کۆتایی شەستەکان دەرچووە ،پێویستیان بە هەموارە و دەبێت ئەو بڕگانەی هەموار بکریتەوە کە رۆتینات و هۆکاری دواکەوتنی داواکان کەمبکاتەوە.

یاسای دادبینی شارستانی ژمارە 83 ی ساڵی 1969
لە مادە 62 دا بە دوو بڕگە دواخستنی داوای رێکخستووە هەروەک هاتووە
بڕگە 1 / دادگا دەتوانێت بڕیار بدات بە دواخسنتی داواکان ئەگەر داواکە ئەوەی خواست ئەویش بۆ هێنانی هەندێک پێداویستی داوا وەکو ئاراستەکردنی نوسراو و هێنانی قەیدەکان ئەوانەش کە زەرورەتن بۆ تەحیقیقی داواکە.

بڕگە 2 / ناکرێت دادگا داواکە دوابخات ئیلا بە هۆکاری مەشروع نەبیت وە دەکرێ داواکە دوابخرێت لە جارێک زیاتر بۆ هەمان مەبەست ئەوەش بۆ تەحیقیقی دادپەروەری.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە هەستیکرد دادگــــــا استغلال کراوە لە بابەتی دواخستنی داواکاندا بۆیە دوو بڕیاری گرنگی دەرکرد

ڕێنمایی ژمارە 669 ی لە بەرواری 23 – 8 – 1987
دەکرد کە تیایدا هاتووە
دادگاکانی پابەندکرد لە ماوەی کاتێکی دیاریکراودا ” سقف الزمني” دا داواکان یەکلایی بکەنەوە. تەنها ئەگەر هاتوو سروشتی داواکە وایخواست داواکە درێژە بخایەنێت.

دواتر بڕیاری ژمارە 18 ی لە بەرواری 30-9-1997 دەرکرد کە هەمواری بڕگەیەکی ڕێنماییەکەی پێشووی کردەوە ، تیایدا هات :
داواکاری یەک لەدوای یەک بۆ دواخستنی داوا قەرینەیە لەسەر ئەوەی داواکار بەڵگاکانی لاوازن. ئەکرێت دادگا لە کاتی دەرکردنی بڕیاریدا پشتی پێ ببەستێ.
پێویستیشی کرد کە دادوەر تەحقیق لە هۆکاری دواخستنی داواکان بکات . لە حاڵەتێک گەر هاتوو کارمەندێک دەستی تیادا هەبوو دەتوانێت غەرامەی بکات.

ئەگەر چی هەردوو ڕێنماییەکە زۆرگرنگن بەڵام کەموکووڕییەکەی لەوەدایە بواری بۆ ” ڕێسپەڕ” استثناء هێشتتۆتەوە. ئەگینا ئەکرا سودی لێوەربگیردێت بۆ زووتر یەکلاکردنەوەی داوا و دۆسییەکان.

خەلکی کاتێک دەزانن داوا و دۆسییەکان درەنگ یەکلای دەبنەوە بێتاقەت دەبن لەوەی پەنا ببەنە بەر دادگا و لەوێوە داوای مافەکانیان بکەنەوە بۆیە پەنا دەبەنە بەر ڕێگەی نامەشروع و وەرگرتنەوەی ماف لە دەرەوەی دادگا. ئەوەش زۆرجار زیادەڕۆیی کردنە لەسەر مافی ئەو کەسەی مافەکەی لەلایە! وەکو ئەوەی کابرا قەرزار بووە نەیبووە بیداتەوە لەبری ئەوە کوژراوە. هەندێکجار لێکەوتەی خیانەتی زەوجی بەرەو کوشتنی ژن و پیاوەکە سەریکێشاوە!

عەرەب ئەڵێت ” العدالة البطيئة هى اقرب الى الظلم” دادپەروەرییەک درەنگ بەدەست بێت نزیکە لە ستەمکاری!
گرنگە دادگا پەلە بکات لە یەکلاکردنەوەی داواکاندا سا بەڵکوم زووتر ماف بۆ مافخوراو بگەڕێتەوە و ببێتە هاندان بۆ خەڵکی دیکەش بۆ ئەوەی دادگـــا بکەنە گۆڕەپانی عەدالەت. و دادگا ببێتە بەدیلی مەجلیسە عەشائرییەکان!

Back to top button