كوردی عربي English
وتار

پارێزەر و گرینگى بەشداریکردنى لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان

پارێزەر کەرخى کەمال

پارێزەرایەتیى پیشەیەکى پیرۆز و ئەرکێکە، پێویستى بە بایەخدان و گرینگى پێدان هەیە. پارێزەران بەپێى پیشەکەیان، رۆژانە هەڵدەستن بە راییکردنى کاروبارى بریکاردارەکانیان و چارەسەرکردنى کێشەى هاووڵاتییان.

پارێزەران بۆ جێبەجێکردنى مامەڵە جیاوازەکانى بریکاردارەکانیان و هاتنەپێشى دۆخى نوێى و پێداویستنى تازە، پێویستى بە فراوانکردنى شارەزاییەکانى دەبێت. هەرچەندە پارێزەران پابەندن بە جێبەجێکردنى رێنماییى و یاسا بەرکارەکان و ئەو فەرمانانەى لە فەرمانگەکانى کەرتى گشتیى و تایبەت دەردەچن. بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێویستە پارێزەر، رۆژانە و مانگانە و ساڵانە ئاستى فیکر و هزر و کارکردنى بەرەو پێش ببات و بەشداربێت لە مەعریفەى خۆدەوڵەمەندکردن بە زانست و زانیارى سەردەم، بەتایبەت لە بوارى دیجیتاڵى و تەکنەلۆژیا و هاوتەریب بوون لەگەڵ ئەو پێشڤەچوونە خێراییەى کە لەو کاتەى ئێستا بەسەر زۆرینەى جومگەکانى ژیان روودەدەن، لەنێویشیان یاسا بە هەردوو لایەنە تیۆرییى و پراکیزییەکەى و کارکردنى مۆدێرنانەى پارێزەرایەتیى و فیگەرەکانى کارکردنى دیجیتاڵى.

یەکێک لەو ئامرازانەى کە پارێزەر دەتوانێت لە رێگەیەوە خۆى دەوڵەمەند بکات، بەشداریکردنییەتى لە کۆڕ و کۆنفرانس و سیمینار و ۆرکشۆپەکانى بوارەکانى یاسا و دیجیتاڵى و میکانیزمەکانى کارکردنى نوێى پارێزەرایەتى.

لێرەدا ئەوەی کە سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەوەیە کە پیشەی پارێزەرایەتی لە هەموو پیشەیەک زیاتر پێویستی بە کۆنگرێس و کۆنفڕانس و چاوپێکەوتنی تاکی هاوپیشەکەیەتی زۆر گرینگە بۆ ئاستی پارێزەرایەتی کەوا پارێزگاری لە ئاستی زانیاری خۆی بکات بەڵکو بەوەش نەوەستێت تاکو لە توانایدا هەبێت پێویستە کە بەشداری لە کۆبوونەوەو کۆڕ و گفتوگۆی یاسایی بکات، بەتایبەت لەو سەردەمەی ئێستاماندا کە تەکنەلۆژیا بەرقەرارە وە بەرەو پێشچوونی زۆر بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایەوە دەبینرێت بۆ ئەم مەبەستە هەرچەند هەوڵ بدەین دەرگای فێربوون واڵا بکەین تایبەت بەرەو نێودەوڵەتیبوونى پارێزەر لە پیشەکەى و بەشداریکردنى لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان.

بەداخەوە هەرچەندە ژمارەیەکى زۆر لە پارێزەران لە کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام ئەوانەى بەشدارى کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، ژمارەیان کەم و دەگمەنە. کە پێویستە ئەوە زیاد ببێت و پارێزەر هان بدرێت بۆ پەرەپێدانى تواناکانى و بەرزکردنى ئاستى فێربوونى زمانە زیندووەکانى جیهان و بەرزبوونەوەى ئاستى یاساییى بەشێوەیەکى گشتى. ئەمە جگە لەوەى لە رێگاى بەشداریبوون لەو کۆنفرانسە نێودەوڵەتییانە، ئاشنا دەبێت بە کولتور و داب و نەریتى وڵاتان و میللەتانى جیاوازى جیهان.

بەم دواییە بەندە یەکێک بووم لەوانەى بەشداریمان کرد لە کۆنفرانسێکى یاساییى کە لە وڵاتى هۆڵەندا بەڕێوە چوو و ئێمە و کۆمەڵێک پارێزەرى ئەندام لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بەشداریمان کرد و کە لە لاهاى بەڕێوە چوو، کە زیاتر لە 500 پارێزەر لە سەرانسەرى جیهان بەشدارییان کرد لە دواڕۆژ دەبنە خاوەن بڕیار لە بواری تایبەت بە داڕشتنی یاسا وە چۆنیەتی جێبەجێکردنی چ لە ناوەوەی کوردستان یان لە دەرەوەی وڵات، بە خۆشحاڵیەوە بەشداربوون لە کۆنگرێسی ڕێکخراوی ( GLF ) بەڕێوەچوو چەندین وانەی جۆراوجۆر لە بابەتی یاسایی لەخۆوەگرت کە بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت بۆیە هاندانی پارێزەران بەرەو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری نێودەوڵەتی لە بواری یاسا خۆی لەخۆیدا جێگای بایەخپێدانێکی زۆرە.

Back to top button