كوردی عربي English
وتار

زەواجی متعە لە نێوان شەریعەت و یاسادا

پارێزەر گۆران صالح عبدالقادر
هاوسەرگیری موتعە بە واتای ئەو گرێبەستە کاتییە دێت لە نێوان کچ و کوڕێک دا دەبەسترێت، هەردوو لایەن بە ئارەزوومەندانە لەسەر کاتی تەواوبوونی هاوسەرگیرییەکە ڕێکدەکەون هەندێکجار وادەی تەواوبوونەکەش پێش دەخەن.!
یەکێک لە ماناکانی “متعە” لە زمانی عەرەبیدا بە مانای چێژ هاتووە. “چێژبەخشین” ئامانج و مەبەستی ئەم زەواجە زیاتر بۆ تێرکردنی غەریزەی سێکسییە و هیچی تر هەر بۆیە کاتی تەواوبونی زەواجەکە دیاری دەکەن و منداڵ ناخەنەوە.
ئەم جۆرە زەواجە زیاتر لە ناو ئەو دەوڵەتانە بڵاوە کە شوێنکەوتەی مەزهەبی شیعەن. لە ناو شیعە مەزهەبەکانیشدا زیاتر مەزهەبی “شیعەی دوانزە ئیمامی ” تەئیدی ئەم جۆرە زەواجە دەکەن و چەندین کتێبیان لە بارەوە نوسیوە.
لای ئەهلی سونەو جەماعە ئەم جۆرە زەواجە
” فاســــــد” ناشەرعی و پوچەڵە چونکە هەندێک لە مەرجە شەرعییەکانی تێدا نیە بە تایبەت ” بەردەوامی”.
رەخنە لەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەگیرێت بەوەی نزیکە لە لەشفرۆشی و تاکە ئامانج لێی بەتاڵکردنەوەی ئارەزووی سێکسییە . دەوترێت ئەم جۆرە زەواجە لەشفرۆشییە لە بەرگێکی شەرعییدا.!
لە یاسای باری کەسییدا ئەم جۆرە زەواجە بە زەواجێکی فاسد ” پوچەڵ” دادەنرێت چونکە یەکێک لە مەرجەکانی گرێبەستی زەواجی شەرعی و یاسایی ئەوەیە دەبێت
” بەردەوامی – استمراریة” هەبێت لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا. ئەمەش لە قەرارێکی دادگای تەمییزی اتحادی جەختیلێکراوە ، دەڵێت : لە یاسای باری کەسێتییدا بە مەرج هاتووە کە گرێبەستی هاوسەرگیری مؤبد “هەتاهەتایی” بێت ئەمەش بە پێی قەراری تەمییزی ژمارە 2432 لە12/12/2017.
لە قەرارێکی دیکەی دادگای تەمییزی ئیتحادی ژمارە” ٦٨٠٨ دەستەی باری کەسێتی و مەوادی کەسیی ٢٠١٧” لە کەیسێکدا لە دادگای باری کەسێتی ناصرییە بەرزکراوەتە کە تیایدا هاتووە ژنێک داوای ” پەسەندکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری دەرەکی” لەسەر پیاوەکەی تۆمارکردوە. دوای ئەوەی دادگــــــا لێکۆڵینەوە لە داواکەدا دەکات هەردوو لایەن بۆ ماوەیەکی کاتی “مؤقت” لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییان کردووە. بۆیە دادگا بڕیاری داوە بە ڕەدکردنەوەی داواکە بە پاساوی ئەوەی ئەم زەواجە کاتییە
” زواج متعە” پوچەڵە و مەرجەکانی گرێبەستی قانونی و شەرعیی تێدانیە.*

Back to top button