كوردی عربي English
وتار

ڕۆڵی پارێزەر لە چەسپاندنی دادپەروەری و هۆشیاریی یاسایی کۆمەڵگە دا

دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد


کاتێک باسی دادپەروەری و سەروەریی یاسا دەکەین، زۆرجار کایە یاساییەکە لە چوارچێوەی دادگا و دەقە یاساییەکاندا کورت دەکەینەوە. بەڵام لە واقیعدا یاسا بەبێ بوونی هۆشیارییەکی گشتی لە ناو کۆمەڵگەدا ناتوانێت ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆی بپێکێت. لێرەدا  ڕۆڵی پارێزەر وەک تەنیا بەرگریکارێک لە ناو هۆڵەکانی دادگادا نابینرێت بەڵکو دەبێتە بکەرێکی سەرەکی لە پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی یاسایی هاووڵاتیان.

پیشەی پارێزەرایەتی یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی سیستمی دادوەری. کاتێک هاووڵاتییەک ڕووبەڕووی کێشەیەکی یاسایی دەبێتەوە یان مافێکی زەوت دەکرێت، پارێزەر یەکەم وێستگەیە کە پەنای بۆ دەبرێت. پارێزەری سەرکەوتووش ئەو کەسەیە کە دەبێتە پردی گەیاندنی نێوان دەقە یاساییە ئاڵۆزەکان و تێگەیشتنی سادەی مرۆڤەکان. کاتێک پارێزەرێک بە ڕاستگۆیی و پیشەییبوونەوە کار دەکات، متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دادگاکان بەهێزتر دەکات، ئەمەش بنەمای سەرەکییە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری.

لە لایەکی ترەوە، گەورەترین مەترسی لەسەر هەر کۆمەڵگەیەک، نەبونی “هۆشیاری یاساییە” واتە کاتێک هاووڵاتیان نە مافەکانی خۆیان دەناسن و نە ئەرکەکانیان بەرامبەر بە دەوڵەت و کەسانی تر دەزانن. ئەم نەزانینە زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە، فێڵ لێکردن، یان تێوەگلان لە تاوان بەبێ مەبەست. لێرەدا ئەرکی میدیایی و پیشەیی پارێزەران یەکدەگرێتەوە، پێویستە پارێزەران لە ڕێگەی نووسین، بەشداریکردن لە میدیاکان، و بڵاوکراوەکانی سەندیکاوە، بەردەوام هۆشیاریی یاسایی بڵاو بکەنەوە. کاتێک سەندیکای پارێزەران و خودی پارێزەران دەبنە پێشەنگی پڕۆژەی “ڕۆشنبیریی یاسایی بۆ هەمووان”، کۆمەڵگەیەک بەرهەم دێت کە لە جیاتی پەنابردن بۆ توندوتیژی و یاسای تۆڵەکردنەوە پەنا بۆ دادگا و ڕێکارە فەرمییەکان دەبات. دادپەروەری تەنیا بە دەرکردنی بڕیاری دادوەر ناچەسپێت، بەڵکو ئەوکاتە دەچەسپێت کە هاووڵاتی دڵنیابێت یاسا هەیە و کەسانێک هەن (کە پارێزەرانن) بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەرگری لە مافەکانی دەکەن

Back to top button