كوردی عربي English
وتار

بریکارییەتى لە دۆسیەکانى جێبەجێکردن

ئەحمەد جەودەت عوزێرى*

هەروەک روونە پاڵپشت بە دەقەکانی یاسای دادبینی شارستانی مافی بریکاری لە داواکان تەنها بۆ (پارێزەران) دەگەرێتەوە (١٩/ پارێزەرایەتی) سەرەرای خودی لایەنەکانی داوا و بریکارەکانیان تا پلە چواری خزمایەتی و ئەو نوێنەرانەی کە بە پێ یاسا دەسەڵات پێدراون هەریەک لە وەلی و وەصی و قەیم (٥١/مرافعات)، ئەمەش لە پێناو پاراستنی مافی لایەنەکان و دڵنیا بوون لە رێکی و زانستی رێکارەکانی پاراستنی ماف.
لە نوێترین بۆچوونە دادوەریەکان دوابەدوای گشتاندنی وەزارەتی داد ژمارە (٥/٤٦١٣) لە (٢٨/١١/٢٠٢٢) و لەسەر بنەمای راپۆرتی دەستەی سەرپەرشتیاری دادی و رونکردنەوەی سەندیکای پارێزەران ژمارە (١٠٥٤) لە (١٥/٧/٢٠٢٠) کە لە نووسراوی (TEHKİM LAW FİRM) ژمارە (٧٦١) لە (١٢/٧/٢٠٢٠) سەرچاوەی گرتبوو، دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆک بە شێوەی پێداچوونەوە بە بریاریان ژمارە (٣١٠/ت.ت/٢٠٢٢) ئەم بابەتەی یەکلاکردۆتەوە کە رێکارەکان لە بەرێوەبەرایەتیەکانی جێ بەجێ کردن هاوشێوەیە لەگەڵ رێکارەکانی بینینی داوا لە دادگا و لێژنە دادوەریەکان، بەم پێیەش بۆ لایەنەکانی دۆسیەی جێ بەجێ کردن نـیـە بریکار دیاری بکەن کە کۆک نەبێت لەگەل دەقەکانی یاسایی دادبینی شارستانی، بە پێچەوانەوە رێکارەکان بە نەبوو هەژمار دەکرێت و لایەنەکان مافەکانیان لە دەست دەدەن.
لە کاتی ئیستا پێوستە لە سەر فەرمانگە دادنووسیەکان دەسەڵات لە بریکارنامەیەک بۆ بریکارێک پەسند نەکەن کە مافی دادبینی و دادگەری و بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی جێ بەجێ کردن و مافە هاوشێوەکانی تیابێت چونکە بە پێچەوانەی بنەما یاساییەکان هەژمار دەکرێت کە ئاشکرایە بە پێی یاسای دادنووسەکان بۆ دادنووس نیە کە بابەت و دەسەڵاتێک لە بریکارنامەیەک پەسند بکەن کە پێچەوانەی بنەمای گشتی بێت (١١/ کتاب العدول).

سەرچاوە :
یاسای دادبینی شارستانی ژمارە (٨٣) ساڵی ١٩٦٩.
یاسای دادنووسی ژمارە (٢٧)ی ساڵی ١٩٧٧.
یاسای پارێزەرایەتی ژمارە (١٧)ی ساڵی ١٩٩٩.
بریاری دادگای تێهەڵچوونەوەی دهۆک بە شێوەی پێداچوونەوە بە بریاریان ژمارە (٣١٠/ت.ت/٢٠٢٢).
نووسراوی وەزارەتی داد ژمارە (٥/٤٦١٣) لە (٢٨/١١/٢٠٢٢).
نووسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری دادی ژمارە (١/١٠١٧) لە (١٣/١١/٢٠٢٢).
نووسراوی فەرمانگەی سەرپەرشتیاری دادی دهۆک ژمارە (٩٩) لە (٣٠/١٠/٢٠٢٢).
نوسراوی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ژمارە (١٠٥٤) لە (١٥/٧/٢٠٢٠).
نووسراوی (TEHKİM LAW FİRM) ژمارە (٧٦١) لە (١٢/٧/٢٠٢٠)

*پارێزەرى راوێژکار و مامۆستاى زانکۆ

Back to top button