كوردی عربي English
چالاكیەكانگەلەری و وێنە

3ى یەک رۆژى پارێزەرانى کوردستان

بەبۆنەى رۆژى پارێزەرانى کوردستان، کە لە رێکەوتى (3-1)ى هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، بەناوى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران پیرۆزباییی لە خۆمان و تەواوى پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین.

سى و یەک ساڵ بەر لە ئێستا و لە 3-1-1993 پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى فەرمى، بڕیارى دانپێنانى بە دەستەى کاتى دامەزرێنەرانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کرد، کە (10) پارێزەرى کوردستان، کە بەڕێز سەرۆکى ئێستاى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، یەکێک بوو لەوان، وەکو ئەرکێکى نیشتمانیى و کوردستانیى و پیشەییانە، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانیان دامەزراند.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بەپێى یاسا دامەزراوە و بەپێى یاساش کار دەکات، پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتەکانى تەشریعیى و جێبەجێکردن و دادوەریى لە هەرێمى کوردستان لەسەر بنچینەى رێزگرتن لە یاسا و پارێزەران و جێبەجێکردنى یاسایە. هەمیشە داواکاریمان ئەوە بووە و دەبێت، کە پێویستە لەو چوارچێوەیە لە پێگەى پارێزەران بڕوانن. هەرچەندە لێرە و لەوێش کەمتەرخەمیى و کەموکوڕیش هەبووە، بەڵام سەندیکا بەردەوام لە هەوڵ و هەماهەنگى دا بووە و دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەموو رێگا پیشەییى و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پارێزەران دەگرێتە بەر.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بە تەواوی پشت بە داهاتەکانى خۆى دەبەستێت، کە بە سیستەمێکى ژمێریاریى تۆکمەى وردبینیکراو لەلایەن چاودێریى دارایى هەرێم، بەڕێوەدەچێت و سیستەمێکى خانەنشینى سەربەخۆى هەیە و مافى پارێزەران بە تەواوى دەستەبەرە لەڕووى خانەنشینیەوە.

لەماوەى دوو ساڵى رابوردوو، تۆمارى ئەندامانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە هەماهەنگى فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیاریى و ئەنجامدانى پرۆسەى بایۆمێترى، بە تەواوى پاک کرایەوە، کە بەپێى یاسا نابێت پارێزەر لە هەمان کات فەرمانبەر یا وەزیفەى گشتی هەبێت و پرۆسەکەش بەردەوامە.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان هەماهەنگیى تەواوى لەگەڵ ئەنجومەنى دادوەریى هەرێمى کوردستان هەیە لەپێناوى بەرقەرارکردن و جێبەجێکردنى یاسا و هەروەها بەهەمان شێوەش لەگەڵ سەرۆکایەتیى داواکاریى گشتیى و وەزارەتى داد و دەسەڵاتى جێبەجێکردن بەشێوەیەکى گشتى.

لە پلانى گرینگى ئەمساڵى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، پرۆسەى بە ئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى سەندیکا، لە نێویشیاندا مامەڵە کارگێڕیى و داراییەکانى سەندیکا، بەجۆرێک پارێزەران بتوانن سوودى لێ وەربگرن و رێگا دوورەکانیان، نزیک ببێتەوە.

دووبارە پیرۆزباییى ئەو رۆژە (3-1) لە هەموو پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین، هیوادارین پێکەوە هەموومان پارێزگارى لە بەرزى پیشەى پیرۆزى پارێزەرایەتی بکەین و دەست لەناو دەست، پارێزەران لە پێگە و پایەى گەورە ببینین.

هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان

Back to top button