كوردی عربي English
چالاكیەكانگەلەری و وێنە

ڕەشنووسى رێنماییەکانى هەڵسوکەوتى پارێزەران تاوتوێ کرا

ئەمڕۆ پێنج شەممە رێکەوتى 21-7-2022 لە هوتێلى شیراتۆن لە هەولێر، بە ئامادەبوونى بەڕێز بەختیار حەیدەر، سەرۆکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران و کۆمەڵێک پارێزەرى هەرێمى کوردستان، دانیشتنێکى راوێژکارى ئەنجام درا لە چوارچێوەى پڕۆژەى ئامادەکردنى رەشنووسى (رێنماییى هەڵسوکەوتى پارێزەران) کە رێکخراوى لێکۆڵەر بۆ سەروەرى یاسا بە پاڵپشتى سندوقى نیشتمانى بۆ دیموکراسیى ئەمەریکى و بە هەماهەنگى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان رێکى خستبوو.

لە دانیشتنەکە، کە چەند کاژێرێکى خایاند، سەرەتا وتەى نوێنەرى رێکخراوى لێکۆڵەر لەلایەن پارێزەرى راوێژکار پێشەوا حوسامەدین پێشکەش کرا، کە بەڕێزیشیان ئەرکى بەڕێوەبردنى دانیشتنە راوێژکارییەکەشتى لە ئەستۆ گرتبوو، دواتر بەڕێز بەختیار حەیدەر، سەرۆکى سەندیکا وتارێکى پێشکەشى ئامادەبووان کرد و تیایدا گرینگى ئەو رێنماییەى خستە ڕوو و دەستخۆشى لە رێکخراوى لێکۆڵەر و ئامادەکارانى رەشنووسەکە کرد.

دواتر پارێزەرانى ئامادەبوو، ڕاو سەرنج و تێبینییەکانى خۆیان بۆ ڕەشنووسەکە خستە ڕوو و تاوتوێى وردەکارى تەواوى ماددەکانى کرا و بڕگە و داڕشتن و دەقەکان بەپێى یاساکانى پارێزەرایەتیى و بەرکار لە هەرێمى کوردستان، هەموار کرا و زیاد کران.

دواى تەواو بوونى دانیشتنە ڕاوێژکارییەکە، ڕەشنووسەکە دووبارە ئامادە دەکرێتەوە و دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و داوا دەکرێت کە کارى لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت و دواتر بڵاو بکرێتەوە.

ڕێنماییى هەڵسوکەوتى پارێزەران بریتییە لە کۆمەڵێک بڕگە و بابەت کە پەیوەستە بە کاروبارى پیشەى پارێزەرایەتیى و چۆنیەتى ئەنجامدانى کار و ئیتیک و ڕەفتارى پارێزەر لە ئەنجامدانى کارى رۆژانەى و ئەو بنەمایانەى کە پێویستە رەچاویان بکات و ئەمەش لەژێر رۆشناییی یاساى پارێزەرایەتیى هەرێمى کوردستان ژمارە 17ى ساڵى 1999ى هەموارکراو

لە کۆتاییی دانیشتنەکە، وێنەیەکى یادگارى بەو بۆنەیەوە چرکێندرا

Back to top button