كوردی عربي English
وتار

چۆن پارێزەر هەڵدەبژێریت؟

پارێزەرى راوێژکار: ئارام گەردى

سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنى کەس و شتەکان و دیاریکردنى، یەکێکە لە رێگاکانى بەدیهێنانى ئامانج و گەیشتن بە ئەنجامەکانى ژیانمان. بۆیە پێویستە لەکاتى هەڵبژاردن، بە دیققەت بین و بزانین چۆن هەڵدەبژێرین.

یەکێک لەو هەڵبژاردنانەى کە لە ماوەى ژیانمان، جارێک یا بۆ چەندین جار،پێویستیمان پێى دەبێت، هەڵبژاردنى پارێزەرە بۆ ڕاپەڕاندنى کارەکانمان، چارەسەرکردنى کێشەکانمان یاخود جێبەجێکردنى پەڕاو و مامەڵەکانمان.

پێویستە ئەوە بزانین، پێشتر بۆچوونێک هەبووە کە تەنها ئەو کاتانە پێویستیمان بە پارێزەرە، کە کێشەیەکى دادگامان هەبێت. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنى ژیان، گۆڕانکاریى لە ستایڵەکانى کارکردن و مژووڵبوونى هاووڵاتییان بە کارەکانى خۆیان و نەبوونى کاتى پێویست، ئەوانە لەلایەک و شارەزاییى و ئەزموونى پارێزەر و خێراییى لە راپەڕاندنى کارەکان، ئەو بۆچوونە گۆڕا و ئێستا پێویستیمان بە پارێزەرە، بۆ ئەوە نا کە کێشەکانمان لە دادگا بۆ چارەسەر بکات، بەڵکو بۆ ئەوەى کارەکانمان رابپەڕێت و کێشەمان بۆ دروست نەبێت!

رۆژێک دادێت،لە هەرێمى کوردستان، وەکو زۆر لە وڵاتانى دیکە، خێزانەکان پارێزەرى هەمیشەییان دەبێت، کە پێى دەڵێن (پارێزەرى خێزان)، کە ئەگەر هیچ نەبێت، راوێژیان پێ دەکەن و دەبنە رێنیشاندەریان.

چۆن پارێزەر هەڵبژێرم؟

چەند بنەمایەک هەیە، کە دەبێت لەبەرچاوى بگرین، بۆ ئەوەى پارێزەرێک دیارى بکەین، کە ببێتە بریکار (وکیل)مان نوێنەرایەتیى یاساییمان بکات لەبرى ئێمە ئامادەبێت لە دەزگا فەرمیى و نافەرمییەکان و کارەکانمان بۆ رابپەڕێنێت و بەرگرى لە مافەکانمان بکات.

ئەوانەى باسى دەکەم، بنەماى گشتین و ئەگەرى هەیە، خاڵى دیکە هەبێت کە ئێوەش پێتان باش بێت، یاخود هێندێک رێزپەڕ (استثناء)ى تر هەبێت، کە ئێوە بۆى بگەڕێنەوە:

  1. سەرەتا پێویستە ئەو پارێزەرەى دەتەوێت هەڵى بژێریت، خاوەنى نووسینگەیەک یا کۆمپانیایەکى پارێزەرایەتیى گونجاوى جێگیر بێت و لە نووسینگەکەى سەردانى بکەى و رێکەوتنى لەگەڵ بکەى، نەک پارێزەرێک لە رێگاى مۆبایل و یاخود لە کافێ و لەسەر شۆستەى شەقامێک بیناسیى و گفتوگۆى لەگەڵ بکەى. چونکە پتر جێى متمانە دەبێت و ناوبانگى نووسینگەکەى جێگاى (اعتبار) دەبێت.
  2. بەر لەوەى گرێبەست و رێکەوتن لەگەڵ پارێزەر بکەى، وا باشترە پێشتر چەند راوێژێکى پێ بکەى لەو بوارەى کە دەتەوێت، کێشەى ئەوەت نەبێت، ئەگەر بۆ راوێژکردنەکە داواى پارەشى لێ کردیت. چونکە لە ئەنجامى ئەو راوێژکردنە، هەڵسەنگاندنت بۆ هوشیارییى و لێهاتوویى پارێزەرەکە دەبێت و بەرچاوت تا ڕادەیەکى باش ڕوون دەبێت.
  3. وا باشترە راوێژ بە زیاتر لە پارێزەرێک بکەى و ئینجا بڕیار بدەى کامەیان هەڵبژێریت.
  4. ئەو پارێزەرانەى ڕاشکاوانە دەدوێن و لایەنە ئەرێنیى و نەرێنییەکانى مامەڵەکەت، یاخود کێشەکەت بۆ باس دەکەن، ئەوانە باشترن و بە ئەنجامترن لەو پارێزەرانەى کە وەک کورد دەڵێت: بەهارت بۆ دێنێتە چۆک، و گرەنتى بردنەوەى کێشەکەت پێ دەدات. هەر پارێزەرێک گرەنتى ئەنجامدانى دا، جگە لەوەى پێشێلى یاساکەى خۆى (کە یاساى پارێزەرایەتییە) کردووە، بەفیڕۆچوونى پارەکەت تا ڕادەیەکى زۆر، لە ئارادایە.
  5. پرسیار بکە و یارمەتى دەوربەرت بەکاربهێنە بۆ دیاریکردنى پارێزەرەکەت، پارێزەرایەتیت وەک زۆربەى زانست و پیشەکانى دیکە، پسپۆڕییەتى تێدایە، بۆ نموونە هەندێک پارێزەر هەیە شارەزاییى تەواویان لە کێشەکانى داواى بەراییى (مدنی) هەیە و هەشیانە لە داواکانى تاوان (جەزائى) و بەشێکیان لە رێکخستنى گرێبەست و هێندێکى دیکەشیان لە دامەزراندنى کۆمپانیا و باج و مامەڵەکانى دیکەى فەرمانگەکانى ترى دەوڵەت. بۆیە پێویستە ئەو پارێزەرە دیارى بکەى کە ئەزموونى لە جێبەجێکردنى کارەکەت هەیە.
  6.    بە گوێرەى قەبارەى کارەکەت پارێزەر هەڵبژێرە، ئاخر لەوانەیە قەبارەى کارەکەت بچووک بێت و بە پارێزەرێکى تازەى کەمئەزموونى جیددى جێبەجێ ببێت و بە ماندووبوونێکى پارێزەرایەتى (اتعاب محاماة)ى کەم، نەک پارێزەرێکى ئەزمووندارى زۆر بەناوبانگ، کە وەک کورد دەڵێت: بوارى نییە، سەرى بخورێنێ. تۆش فشارى لێدەکەى کە بۆت ئەنجام بدا، ئەویش پارەیەکى باشت لێ وەردەگرێت، کە بەراورد بە کارەکە، زۆر زیاترە.
  7. مەکە داوى تەنیا ناو و دەنگى پارێزەر، مەرج نییە هەموو بەناوبانگێک کەسێکى باش بێت. پارێزەریش وەک هەر پیشە و کارێکى دیکە، کەسانێکى تێدا هەیە، بەناوبانگن و خەڵکانێکیشیان هەیە رێکڵامیان بۆ دەکەن، بەڵام تەنیا ڕووکەشن لە ناوەڕۆکدا بەو شێوەیەیە نین.

لە وتارى داهاتوو، باسى ئەوە دەکەین، کە پارێزەرت هەڵبژارد، چۆن رێکەوتنى لەگەڵ دەکەی و بە چ جۆرێک و چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەکەى تا جێبەجێکردنى کارەکەت.

Back to top button