كوردی عربي English
چالاكیەكان

وەفدێکى هاوپەیمانى جیهانى سەندیکاکان سەردانى سەندیکاى پارێزەران دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتى 28-11-2023 وەفدێکى هاوپەیمانى جیهانى سەندیکاکان بۆ پاڵپشتى قودس و فەڵەستین، بە سەرۆکایەتیى بەڕێز ئوسامە عەونى، هەماهەنگکەرى گشتى هاوپەیمانییەکە و وەفدێکى یاوەرى سەردانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانى کرد و لەلایەن بەڕێزان بژار عەللاف و طارق صابر گەردى ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران پێشوازى کران.

لە دیدارێکدا دواى بەخێرهاتن، وەفدى میوان کورتەیەکیان لەسەر هاوپەیمانییەتییەکە خستە ڕوو و باسیان لە مەبەستى سەردانیکردنى کوردستان و سەندیکاى پارێزەران و رێکخراو و سەندیکا و ئۆرگانەکانى ترى فەرمیى و نافەرمى کرد، کە دەیانەوێ پاڵپشتیى زیاترى ماددى و مەعنەوى بۆ گەلى فەڵەستین و دۆزەکەى لە کوردستان کۆبکەنەوە.

بەڕێزان بژار عەللاف و طارق گەردى، وێراى پاڵپشتیى و ئامادەییى هاوکاریکردنى گەلى فەڵەستین، باسیان لەو خاڵە هاوبەشانە کرد کە گەلى کورد و گەلى فەڵەستین کۆ دەکەنەوە و خەمناکى خۆیان بۆ ئەو شەڕ و هێرشانەى دواییى سەر غەززە راگەیاند، بەتایبەت لە کوشتنى خەڵکى مەدەنى، منداڵ و ژن و هەوڵى کۆچ پێکردنى دانیشتوان بۆ دوور لە زێدى خۆیان.

هەروەها نوێنەرانى سەندیکا، بەڵێنیان دا لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەندیکا داواکارییەکانى وەفدى میوان و هاوپەیمانى بخەنە بەردەم ئەنجومەن و بڕیار بدەن بە هاوکاریکردنیان بەپێى تواناى بەردەست و دۆزینەوەى میکانیزمى گونجاو بۆ پاڵپشتى ماددى و مەعنەوى.

Back to top button