كوردی عربي English
چالاكیەكان

وەفدێکى سەندیکاى پارێزەران لە ئیستانبوڵ، بەشدارى ۆرکشۆپێکى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات

رۆژى پێنج شەممە رێکەوتى 3-11-2022 لە ئیستانبوڵ، وەفدێکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە سەرۆکایەتى دکتۆر پەرێز نەجمەدین مەنتک و ئەندامییەتى بەڕێزان بژار ئەکرەم عەللاف و عبدالعزیز عومەر، ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکا بەشدارییان کرد لە ۆرکشۆپێک لە ئیستانبوڵ، کە نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکانى پەیوەستدار بە ماددەى هۆشبەر و تاوانەکان، بە پاڵپشتى حکومەتى هۆڵەندا سازى دا، لەژێر ناونیشانى (رۆڵى پارێزەرى بەرگرى لە نوێنەرایەتیکردن و پاڵپشتیکردنى قوربانیانى تیرۆر، لەکاتى بەڕێوەچوونى رێکارى تاوانکارى، بۆ گرەنتیکردنىدادگاییکردنێکى دادپەروەرانە و رێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ)، ئەو ۆرکشۆپە لە چوارچێوەى پڕۆژەى پاڵپشتیکردنى قوربانییانى تیرۆر، لەژێر رۆشناییى فەراهەمکردنى دادپەروەرى جینائى دێت، بۆ بەرژەوەندى حکومەتى عێراقى، کە لەلایەن حکومەتى هۆڵەنداوە پاڵپشتى دەکرێت.

ۆرکشۆپەکە، کە جگە لە نوێنەرانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، نوێنەرانى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق و دادوەران و یاساناسان و پسپۆڕانى ئەو بوارەى تێدا بەشدار بوون، ماوەى چوار رۆژ دەخایەنێت.

لە رۆژى یەکەمى ۆرکشۆپەکە، بەڕێز د.پەرێز مەنتک بە نوێنەرایەتیى سەرۆکى سەندیکاى پارێزەران، وتارێکى خوێندەوە و تیایدا وێراى دەستخۆشى لە لە UNODC و رێکخەرانى ۆرکشۆپەکە، هەوڵەکانى سەندیکاى پارێزەرانى لەو بارەیەو خستەڕوو و رۆڵى پارێزەرانى کوردستانى لە دادگاییکردنەکان و پاڵپشتیکردنى یاساییى و دەروونى قوربانییانى تیرۆر بە گرینگ وەسف کرد، بەتایبەت کە لە هەرێمى کوردستان، قوربانییانى دەستى تیرۆر ژمارەیەکى زۆرن و هەروەها باسى لەو یاسا و بڕگانە کرد کە لە پارێزەرانى کوردستان پشتى پێ دەبەستن و هەروەها کۆمەڵێک پێشنیارى یاساییى باس کرد، کە هۆکارگەلێکن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و هاوکاریکردنى قوربانیانى تیرۆر.

ۆرکشۆپەکە بەردەوام دەبێت تا رێکەوتى 6-11-2022 کە لە رۆژانى دیکە چەند تەوەرێک لەژێر ناونیشانى جیاواز باس دەکرێت و بەڕێز بژار عەللاف، بابەتێکى پەیوەستدا بە ناونیشانى ۆرکشۆپەکە بۆ ئامادەبووان دەخاتە ڕوو و لە کۆتاییدا هەڵسەندنێک لەلایەن ئامادەبووانە بۆ ۆرکشۆپەکە دەکرێت و ڕاسپاردەکان دەنووسرێنەوە و بڕوانامە بەسەر ئامادەبووانى ۆرکشۆپەکە دابەش دەکرێت

Back to top button