كوردی عربي English
چالاكیەكان

وەفدى سەندیکا، سەردانى سلێمانى دەکات

رۆژى پێنج شەممە رێکەوتى 23-06-2022 وەفدێکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بەڕێز بەختیار حەیدەر، سەرۆکى سەندیکاى پارێزەران هاوڕێ لەگەڵ بەڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران سەردانى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى سلێمانى کرد و لەلایەن بەڕێز دادوەر عبدالله اسماعیل امین، جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوە پێشوازیان لێکرا.

دواى بەخێرهێنان، هەردوولا باسیان لە هەماهەنگیى و هاوکارى یەکتر کردەوە و ئەو بەربەست و کێشانە باس کران کە دێنە بەردەم پارێزەران و رێگاکانى چارەسەرییى و باشتر کردنى میکانیزمى کارکردنى هاوبەش تاوتوێ کران.

دواتر وەفدى سەندیکا، سەردانى لقى سلێمانیى سەندیکاى پارێزەرانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى لق و پارێزەران پێشوازیان لێ کرا، لە وتارێکدا بەڕێز بەختیار حەیدەر، باسى بارودۆخى پارێزەران و ڕەوشى هەنوکەییى کرا و هەنگاوەکانى باشتر کردن و خزمەتکردنى زیاترى پارێزەران لە مانشێتى نێو وتارەکەى بەڕێزیان بوو.

دواتر پارێزەرانى ئامادەبوو، سەرنج و تێبینییەکانى خۆیان بۆ وەفدى سەندیکا خستە ڕوو، سەرنجەکان تۆمارکران و بەڵێن درا ئەوەى لە تواناى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران بێت، بێتە جێبەجێ کردن و بخرێنە بەرنامەى کارى داهاتوو.

شیاوى گوتنە، دوا کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران لە شارى سلێمانى بەسترا، کە تیایدا کۆمەڵێک بڕیارى پەیوەست بە کارى پارێزەران و سەندیکا دران.

Back to top button