كوردی عربي English
وتار

هەموارکردنەوەی یاساکان


پارێزەر هاوڕێ مطلب قادر


لە پێناسەیەکی ساکار بۆ یاسا دەتوانین بلێین، بریتین لە کۆمەلێک بنەمای کۆمەلایەتی بۆ رێکخستنی پەیوەندەیەکانی نێوان تاکەکان لەلایەن دەسەلاتی یاسادانانەوە دادەرێژرێن.
یاسا سیفەتێکی پابەندبوونی هەیە و هەر ئەمەشە لەگەڵ بنەما رەوشتی و زۆرجاریش بنەما ئاینیەکان جیایی دەکاتەوە.
یاسا دانراوەکان کە لەلایەن کەسانی سروشتی دادەنرێن بەو سیفەتەی ئەوان شەرعیەتی یاسادانیان هەیە و رێگەپێدراون بۆ ئەو مەبەستە، بۆیە کاتێکیش یاسادانەران هەڵەسن بە دانانی یاسا رووبەرووی بەرپەرسیارەتی دەبنەوە چونکە بەهۆی ئەوانەوە ئایندە جەماوەر دیاری دەکرێت ئینجا زۆرجار ئەو یاسایانە چاکن وە رەنگیشە یاساکان یاسای خەراپ بن و بۆنی ستەمی لێ بێت کەلەم بارەدا پێویستە یاسادانەر یاساکەی بە پرۆژە یاسایەکی گونجاوتر و باشتر هەمواربکاتەوە.
هیچ یاسادانەرێک ناتوانێت یاسایەک دابرژێت کەلە هەموو سەردەم و کات و شوێنێک گونجاوبێت چونکە نەریت و عەقڵیەت و تێگەیشتنی تاکەکان شایەنی گۆرانن!، وەکاری یاسادانەر بە پلەی نایاب ئەوەیە لەگەڵ گۆرانکاری هزری تاکەکان بگۆرێت وە ئەگەر وای نەکرد رەنگە لەئەگەری گۆرینی سیستەمی حوکم بە رێگا شەرعیەکان رێگای ناشەرعی وەک کودەتا و هەڵگەرانەوە لە لایەن جەماوەرەوە بگردرێتەبەر.
ئەگەر یاسا روحی کۆمەڵگا بێت ئەوا بێگومان بابەتی هەموارکردنەوە هەناسەدانی کۆمەڵگایە چونکە بە هەموارنەکردنەوەی دەقە یاسایەکان روحێکی نوێ دێتەوە بەر کۆمەڵگا و چالاکی و تونستی کۆمەلایەتی زێدەتر دەبێ جگەلەوەش سیمایەکی پێشکەوتووخوازانەی ئەو کۆمەڵگایە پیشانی دەرەوە دەدات.
لە ئێستادا یاسادانەران روونتر بلێن ئەندامانی پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان ئەگەر خۆشیان مەعریفەیەکی زۆریان لەسەر ئەو یاسایە نەبێت کە بەنیازی هەموارکردنەوەین ئەوا دەتوانن سوود لە پرۆژە و بۆچوونی کەسانی تایبتمەندی ئەوبوارە وەربگرن یاخود دەکرێت پەنایان بۆببەن چونکە بەمە ئەو ئەرکە بەئەرێنی جێ بەجێدەکەن کەلەسەریانە یاسا و هەموارکردنەوەی یاسا دابرێژن.
ئەگەر یاسادانەران خۆشیان درکیان بە بەسەرچوونی ئەو یاسایە نەبوو کە بەرکارە و لایەنە خەراپیەکانی زۆرتربوون لەلایەنی باشی ئەوا ئەرکی رای گشتی و بزاڤە کۆمەلایەتیەکانە فشار بخەنە سەر دەسەلاتی یاسادانان و هانیان بدەن بە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانە.
لەو کۆمەڵگایەی ئاستی هۆشیاری تاکەکانی تێدابەرزە ئەوەندەی باسی هەمواری یاسای دەستوری دەکرێت ئەوەندە قسە لەسەر هەمواری یاسا ئاساییەکان نیە ئەوەش گەواهیدەری ئەوەیە کە تاکان بۆ ئازادی و مافەکانیان بەتەنگەوەن چونکە یاسای دەستوری دایکی یاساکانە و مسۆگەریکردنی مافەکان لە یاسای دەستوری پارێزراوتر و بەهێزترە وەک لە هی یاسا ئاساییەکان.
ئەگەر بەخێرایی چاو بخشێنین بە رۆڵی پەرلەمانی کوردستان بە بابەتی هەموارکردنەوەی یاساکان ئەوا ناتوانین بلێین یاسادانەری کوردستانی مۆفەق بووە چونکە زۆر یاسا هەن هی سەردەمی حکومەتەکانی پێشووی عێراقن کە بۆ ئەم بارەدۆخە نەگونجاون و بە ترسناکی دادەنرێن بۆ ماف و ئازادیەکان وە تا ئێستاش یاسادانەری کوردستان بە بوێریەوە خۆی لەهەمبەر ئەو پرسە یەکلایی نەکردۆتەوە.

Back to top button