كوردی عربي English
وتار

شڵەژانی پارێزەر

شڵەژانى پارێزەر

پارێزەر گۆران صالح عبدالقادر

شڵەژان بە شێوەیەکی گشتی نەخۆشییەکی دەروونی کەسییە و قەیرانێکە لە تەمەنێکی زووەوە لە کەسەکاندا دەرەکەوێت. پەیوەندیدار نیە بە پیشەیەکی دیاریکراوەوە. لێ وەکو هەموو جار سەرەتای هەموو کارێک کۆمەڵێک ئاستەنگ و قەیرانی تێدەکەوێت، یەکێک لە قەیرانەکان “شڵەژان”ـــە

گرنگە بزانرێت شڵەژان نەخۆشییەکی دەروونیە ، پەیوەندیدار نیە بە پیشەیەکی تایبەتەوە لە ناویاندا ” پیشەی پارێزەرایەتی”، بەڵکوو ئەوەی نەخۆشییەکە دروستەکات کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکی و ناوەکییە.

هەندێکجار پارێزەر بە هۆی خۆ بەدوورگرتن لە بەریەککەوتن لەگەڵ دادگاکاندا و ترسان لە ئەگەری دووچاربوون بە شڵەژان ، کەمتر لە ناو دادگاکاندان و زیاتر ئیشی دەرەوەی دادگا دەکەن وەکو ( طاپۆ ، شەریکات، ڤیزا ، نشینگە….هتد)

هۆکارەکانی شڵەژان :

هۆکارەکانی شڵەژان زۆرن، بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بە کاری پارێزەرایەتیەوە و لە چوارچێوەی ئەم پیشەیەدا دروستدەبێت هەوڵ دەدەم لە چەند خاڵێکی کورتدا جێی بکەمەوە ؛

🔴 شەرم کردن / زۆربەی جار پارێزەر لە بنەرەتدا کەسێکی شەرمنە و ئەم سیفەتەشی دەگوازێتەوە بۆ ناو حەرەمی دادگا و لە نەتیجەدا دەشڵەژێت.

🔴 ترس لە هەڵەکردن/ یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان.
بە حوکمی ئەوەی پارێزەر پێشتر بەریەککەوتنی لەگەڵ کۆی سیستەمی دادوەریدا نەبووە و نامۆیە بەم دەزگایە. بۆیە دەترسێت و تووشی شڵەژان دەبێت.

🔴 ترس لە توانای زیرەکی بەرامبەر / هەندێکجار پارێزەر لە داواکاندا بەرامبەری پارێزەریکی زیرەک و لێهاتوو دەبێتەوە ،وە وەستان لەبەرامبەر ئەوی دی زیرەکدا ئەم دەشڵەژێنێت!

🔴 ترس لە سەرەتای دەستپێکردنەوە / سەرەتای دەستپێکی هەرکارێک قورسە و ماوەیەکی باشی دەوێت تا پێویست بکات ترس بڕەوێتەوە، ماوەی ڕەوانەی ئەم ترسەش دەگۆڕێت بە پێی ڕەگەز و شوێن و کات.

🔴 سام و هەیبەتی دادگا و دادوەر / سامی دادگا هۆکارێکی سەرەکی و جددیە ، جگە لە لایەنەکانی داوا پارێزەریش لە سەرەتادا سام و هەیبەتی دادگا دەیگرێت.

🔴 رەفتاری رەقی دادوەر / هەندێک دادوەر بە سروشتی خۆیان هەڵسوکەوتیان ڕەق و زبرە لەگەڵ لایەنەکانی دادوادا ، ئەم رەفتارەی دادوەریش کاریگەری لەسەر پارێزەر دادەنێت.

هەندێک ڕێگا چارەسەری بۆ زاڵبوون بەسەر شڵەژاندا

🔵 سیقەبەخۆبوون / پێویستە پارێزەر بەوپەڕی متمانە بە خۆبوونەوە بچێتە ناو داواکان و بەرامبەر دادوەر ڕاوەستێ. و لە گرنگی ئەو پەیامە تێبگات کە هەڵیگرتووە!
” پەیامی وەرگرتنەوەی مـــاف”

🔵 دانیشتنی بەردەوام لە جەلسەکانی دادگادا بە مەبەستی ئاساییبوونەوەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دادگایی و دادبینی. ئەمەش لە پێناو وەرگرتنی ئەزموونی بە ئەزموونەکان و سوودبینین لە هەڵەکانی ئەوی دی!

🔵 کۆکردنەوەی زانیاری و خۆپڕکردن ، بە مەبەستی دروستنەبوونی شڵەژان، چونکە هەندێکجار شڵەژان لە ئەنجامی کەمی زانیارییەوە دروست دەبێت.

🔵 نەزانین / لە حاڵەتی نەزانین و نەبوونی وەڵامی گونجاو و یاساییدا بۆ دادگا ، دەکرێت تۆی پارێزەر وەڵام نەدەیتەوە و داوای مۆڵەت بکەیت تاکوو لە دادبینی داهاتوو قسەکانت بە لائیحة ” تیانووس” یاخود بە گوفتار پێشکەش بە دادگا بکەیت.

🔵 گرنگە پارێزەر بەشداری هەندێک خولی راهێنانی دەروونی و گەشەپێدانی مرۆیی بکات ، تاکوو لە ڕێگەیەوە فێربکرێت چۆن کۆنترۆڵی خۆی بکات.

🔵 داواكردنی هاوکاری / پیویستە پارێزەر بە بێ بەشەرم داوای یارمەتی لە كەسانی بە ئەزموونی چواردەوری بکات.

🔵 پارێزەر لە کاتی دادبینیدا خۆی بە بەشێک لە چەسپاندنی دادپەروەری بزانێت. و خۆی بە کەمتر نەزانێت لەوانەی دادبینی و دادگایی بەڕێوەدەبەن
( دادوەر و داواکاری گشتی و کاتبی زەبت… هتد)

🔵 پارێزەر لەسەرەتادا نەچێتە ناو داواکانەوە! بەڵکوو باشتر وایە ماوەیەک لەگەڵ پارێزەرێکی دیکەدا بچێتە ناو داواکانەوە.

🔵 ئامادەبووان/ هەندێکجار هۆڵەکانی دادبینی ” بەتایبەت لە دادگای پارێزگاکان” هۆڵی دادگاکان گەورەن و خەڵکی دیکە لە هۆڵەکەدا دانیشتوون. دەکرێ پارێزەر داوا بکات دادبینی بکات بە نهێنی. تاکوو ئەو فشارەی بە هۆی ئامادەبوانەوە لەسەریەتی کەمی بکاتەوە. داواکردنی دادگایی و دادبینی بە نهێنی چەندین پاڵپشتی یاسایی هەیە وەکو (دەستوری عێراقی مادە 19بڕگە 7 ، مادە 5 قانون تنظیم قضائی ، مادە 7 قانون سلطە قضائی ، مادە 61 یاسای دادبینی شارستانی).

Back to top button