كوردی عربي English
وتار

دەستڕاگەیشتن بە پیشەی پارێزەرایەتی و ڕاهێنان

پارێزەری راوێژكار / د.پەرێز نەجمەدین كەریم

بۆ ئه‌وه‌ی پیشه‌ی پارێزەرایەتی نه‌كه‌وێته‌ نێو كۆڵی چەقبەستوویی و مامناوەندی، كاندید دەبێت زۆر پێش خوێندن و لە كاتی خوێندنی زانكۆدا ئامادەبێت بۆ ئەوەی “پارێزەر” بێت. بۆیە پێویستە تەواوی سیاسەتی پەروەردەیی لە ئاستی سەرەتایی و ناوەندیدا هەڵسەنگێندرێت.

سەبارەت بە ئاستی کۆلێژ پێویستە سەرلەنوێ بە وانەکانی تیۆری و پراکتیکییەکاندا بچێتەوە و بابەتی دیکەش زیاد بکرێت. زۆرێک لەو دەرچووانەی کە لە فاکەڵتییە جیاوازەکانی یاسا دەردەچن بەدەست کەمی ئاستێکی بەرچاوەوە دەناڵێنن، بەبێ ئەوەی باس لەو دەرچووانە بکەن کە دێنە پیشەی پارێزەرایەتی چونکە تەنها دەرگای ئەم پیشەیە بەڕوویاندا کراوەتەوە.

هەمیشە لە فەرەنسا، هەندێک لە نوخبەکان بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی تایبەتیان بۆ ڕاهێنانی پارێزەران جێبەجێ کردووە بۆ ئەوەی ئامادەیان بکەن تاوەكو لەسەندیكای پارێزەران تۆماربكرێن. دەتوانرێت لە پەیمانگای پێگەیاندنی پارێزەران جگە لە بابەتی یاسایی، کاندید فێری شێوازی گەیاندن بكرێت. لە پەیمانگا كاندید زانیاری زۆر گرنگ فێر دەکرێت وەک جووڵە، تۆن، یادەوەری، ترس، دەربڕین، تەرکیزکردن و هتد…

دواخستنی کردنەوەی پەیمانگای پێگەیاندنی پارێزەرایەتی زیان بە تەواوی پیشەی پارێزەرایەتی دەگەیەنێت. لێرەوە ئەو کەسانەی کە تازە هاتوون کە ڕاستەوخۆ دەچنە ناو پارێزەرایەتی بۆ چەند ساڵێک کێشەیان بۆ دروست دەبێت پێش ئەوەی دەست بکەن بە خۆگونجاندن لەگەڵ جیهانی دادپەروەریدا.

ئەگەر هەمیشە بگەڕێینەوە بۆ فەرەنسا، بۆمان دەردەکەوێت کە پەیمانگای پێگەیاندنی پارێزەرایەتی بۆ ڕاهێنانی پارێزەران بە مەرجی سەرکەوتنە لە تاقیکردنەوەیەکدا (مادەی ٥١ی ئەو فەرمانەی کە لە ٢٧ی نۆڤەمبەری ١٩٩١ دەرچووە کە پیشەی پارێزەرایەتی ڕێکدەخات). بۆ نموونە باس لەو بڕیارە دەکەین کە لە ٢٩ی ینایری ١٩٩٨ دەرچووە، کە بەرنامە و شێوازەکانی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ناوبراو دیاری دەکات. بەرنامەکە بریتییە لە یاسای مەدەنی و یاسای تاوان – گشتی و تایبەت –  یاسای کارگێڕی و یاسای بازرگانی و یاسای کۆمەڵایەتی و یاسای کۆمەڵگەی ئەوروپا، یاسای کۆمەڵگە بۆ بازرگانی و یاسای کۆمەڵگەی پیشەیی، ڕێکارە مەدەنییەکان (ڕێوشوێنی بەردەم دادگا باڵاکان و دادگاکانی تێهەڵچوونەوە بۆ بابەتە مەدەنییەکان)، بنەما بنەڕەتییەکانی ئیجرائاتی مەدەنی، ڕێکارە تاوانکارییەکان، و ڕێکارە مەدەنییەکان، زمانە زیندووەکانی غەیرە فەرەنسی (ئەڵمانی، ئینگلیزی، عەرەبی، چینی، ئیسپانی، عیبری، ئیتاڵی، ژاپۆنی، ڕووسی)، ئازادییە گشتیەکان، مافی مرۆڤ…

دوای دەرچوون لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن بۆ پەیمانگاکانی پارێزەرایەتی بۆ ڕاهێنانی پیشەیی پارێزەران و بەسەربردنی ساڵێک لە خوێندنی تیۆری و کارپێکراو، کاندید لە تاقیکردنەوەکە دەردەچێت بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی شایستەیی بۆ کارکردنی پیشەی پارێزەرایەتی.

ئاشکرایە ئەو ڕاهێنانەی کە لەلایەن پەیمانگای پێگەیاندنی پارێزەرایەتی دەوترێتەوە تەنها ئامادەکارییەکی سەرەتایی دەبێت بۆ پراکتیزەکردنی پیشەی پارێزەرایەتی. بەڵام ئەم ئامادەکارییە سەرەتاییە دەبێتە بنەما بۆ هەر ڕاهێنانێکی داهاتوو و ئاسانکاری بۆ کاندیدەکە دەکات بۆ ئەوەی باشتر خۆی لەگەڵ ژینگەی دادوەریدا بگونجێنێت. جگە لەوەش لەو ساڵەدا کە کاندیدەکە لە پەیمانگا سەرف دەکات، دەزانێت کە ئایا هەڵبژاردەی دروستی کردووە یان بە هەڵە تێگەیشتووە.

پارێزەر بەگشتی دەبێت ئەرکەکەی بە ڕێزگرتن لە هەموو کەسێک ئەنجام بدات، لە دژە موکلەکەیەوە دەست پێبکات، هەروەها دەبێت ڕوونکردنەوەکانی خۆی بخاتەڕوو بە میانڕەوی و سەربەخۆ، كە ئەمەش گرنگ و پێویستە، جا چ بەرەو دادگا بێت یان دەسەڵاتی گشتی.

کاتی ئەوە هاتووە دامەزراوەی یاسایی بۆ ڕاهێنانی پیشەیی پارێزەران لە كوردستان بکرێتەوە، کە فێرکردنی ڕاهێنانی تیۆری و پراکتیکی بە ئاستێکی بەرزی کوالیتی ئەنجام بدرێت، هەروەها سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەپێی یاسای پارێزەرایەتی ساڵی 1999ی هەمواركراو، دەستكراوەیە بۆ دامەزراندنی پەیماگای پێگەیاندنی پارێزەران، بۆیە پێویستە ئەم ئەرکە ئەنجام بدات بە ڕۆحی بەرپرسیارێتی بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە لە داهاتوودا بە شێوەیەکی گونجاو گەرەنتی بکرێت.

Back to top button