كوردی عربي English
بەیاننامەكانچالاكیەكانڕاگەیاندن

رۆژى پارێزەران پیرۆزە

بەبۆنەى رۆژى پارێزەرانى کوردستان، کە لە رێکەوتى (3-1)ى هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، بەناوى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران پیرۆزباییی لە خۆمان و تەواوى پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین.

بیست و نۆ ساڵ بەر لە ئێستا و لە 3-1-1993 پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى فەرمى، بڕیارى دانپێنانى بە دەستەى کاتى دامەزرێنەرانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کرد، کە (10) پارێزەرى کوردستان، کە بەڕێز سەرۆکى ئێستاى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، یەکێک بوو لەوان، وەکو ئەرکێکى نیشتمانیى و کوردستانیى و پیشەییانە، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانیان دامەزراند.

پارێزەران گرینگترین توێژى کۆمەڵگان و سەرمەشقى پێشکەوتنى سەقامگیرییى، سەروەریى و جێبەجێکردنى یاسان لە هەر جڤاکێک.

پارێزەران کە ئەندامى خێزانى دادوەریین و بە دادوەرى وەستاو دەناسرێن، تەواوکەریى سیستەمى دادوەریین و پێکەوە لەگەڵ ئەندامانى دادوەرى دانیشتوو و ئەندامانى داواکارى گشتیی، لەپێناو تۆکمەکردنى سیستەمەکە و راپەڕاندنى کارى دادوەرییى و بەرپاکردنى دادپەرروەرى کار دەکەن.

لەهەر وڵاتێک و ناوچەیەکى ئەو جیهانە، پارێزەران کەشێکى یاساییى و دروستیان بۆ بڕەخسێت و ڕاوێژى یاساییى پێویستیان لێ وەربگیرێت و لە بۆتەقەى یاسا کاروبارى هاووڵاتییان ڕابپەڕێنن،دام و دەزگاى فەرمیى و کەرتى تایبەت پێش دەکەوێت و خۆشگوزەرانى پەرە دەسێنێت.

پێویستە پارێزەران تەواو ئازاد بن لە بریکارییەتى مافى بەرگریکردن لە هاووڵاتییان، تا ئەو پرەنسیپ و مافە جێگیرتر و چەسپاوتر و رێزلێگیراو تر بکرێت، دیموکراسیى و ئازادى پتر لە وڵات پێش دەکەون.

لەهەر کونجێکى ئەو زەمینە، پارێزەران بەهێز بن و پێگەى یاساییى و کۆمەڵایەتیى تەواوى خۆیان پێ بدرێت، سیستەمى بەڕێوەبردن و سیاسیى ئەو شوێنە، جێگاى متمانەى زیاتر دەبێت.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکى بۆ ئەوەیە پارێزەران لە چوارچێوەى یاساى پارێزەرایەتیى و یاسا بەرکارەکانى کوردستان و عێراق و پێوەر و پرنسیپە نێودەوڵەتییەکان رێک بخات و پێگەى ئەندامانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە پارێزەرانى ئازیزن، بەرزتر و گەورەتر بکات.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بەپێى یاسا دامەزراوە و بەپێى یاساش کار دەکات، پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتەکانى تەشریعیى و جێبەجێکردن و دادوەریى لە هەرێمى کوردستان لەسەر بنچینەى رێزگرتن لە یاسا و پارێزەران و جێبەجێکردنى یاسایە. هەمیشە داواکاریمان ئەوە بووە و دەبێت، کە پێویستە لەو چوارچێوەیە لە پێگەى پارێزەران بڕوانن. هەرچەندە لێرە و لەوێش کەمتەرخەمیى و کەموکوڕیش هەبووە، بەڵام سەندیکا بەردەوام لە هەوڵ و هەماهەنگى دا بووە و دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەموو رێگا پیشەییى و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پارێزەران دەگرێتە بەر.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بە تەواوی پشت بە داهاتەکانى خۆى دەبەستێت، کە بە سیستەمێکى ژمێریاریى تۆکمەى وردبینیکراو لەلایەن چاودێریى دارایى هەرێم، بەڕێوەدەچێت و سیستەمێکى خانەنشینى سەربەخۆى هەیە و مافى پارێزەران بە تەواوى دەستەبەرە لەڕووى خانەنشینیەوە.

پارێزەران لەماوەى داهاتوو، دەبنە خاوەنى باڵەخانەیەکى شیاو بە پێگەى خۆیان کە سەندیکا لەماوەى چەند مانگى ڕابوردوو دەستى بە ئاواکردنى کردووە، کە لەگەڵ تەواوکردنى دەست بە پڕۆژەى ئەلیکترۆنیکردنى سیستەمەکانى بەڕێوەبردنى دەکرێت و ئەمە وێراى چەندین لق و ژوورى پارێزەران لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان.

هیواداریشین لەماوەى داهاتوو، هەڵبژاردنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بکرێت بۆ بەردەوامبوونى رێڕەویى دیموکراسیى و پیشەییى و خزمەتکردنى زیاترى پارێزەران.

دووبارە پیرۆزباییى ئەو رۆژە (3-1) لە هەموو پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین، هیوادارین پێکەوە هەموومان پارێزگارى لە بەرزى پیشەى پیرۆزى پارێزەرایەتی بکەین و دەست لەناو دەست، پارێزەران لە پێگە و مەنزڵگاى گەورە ببینین.

هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان

Back to top button