كوردی عربي English
وتار

هێز و پێگەى هەرێمى کوردستان لە دەستوورى عێراق

پارێزەر دیار عەزیز

بەپێی خودی دەستوور، تەنانەت بە هەمواركردنەوەی دەستووریش، نە هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێندرێتەوە، نە هیچ دەسەڵاتێكی كەم دەكرێتەوە. لە خوارەوە بەپێی ماددەكانی دەستوور ڕوونی دەكەمەمەوە. دەستووری عێراق، دەستوورێكی جامدە، واتە ڕێوشوێنەكانی هەمواركردنی ئەوپەڕی قورسن بۆ ئەوەی بە گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و هاوكێشەی هێز، نەتواندرێت لە ڕێگەی دەستوورەوە مافی پێكهاتەیەك پێشێل بكرێت. لەم چوارچێوەیەدا، بڕگەی پێنجەمی ماددەی 142ی دەستووری عێراق، لە بڕگەكانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی دەستوور، ئیستسنایەكی داناوە كە بریتیە لەوەی: پاش ئەوەی هەموو هەموارەكانی دەستوور بەو مەرجانەی دەستوورەكە دایناوە، كران، دەبێ مەرجەكانی ماددەی 126ی دەستووریش جێبەجێ بكرێن، ئینجا هەموارەكە دەچێتە قۆناغی كۆتایی (بات). ماددە 126ی دەستوور لە پێنج بڕگە پێكهاتووە، بڕگەی چوارەمی دەڵێ: (ناتواندرێت هیچ ڕێوشوێنێكی هەمواركردنەوە بۆ ماددەكانی دەستوور بگیرێتە بەر، كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی هەرێمەكان كە ناكەونە نێو تایبەتمەندییە حەصرییەكانی دەسەڵاتەكانی فیدرالی، تەنیا ئەو كاتە دەكرێت كە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمە پەیوەندیدارەكە رەزامەند بێت و لە راپرسییەكیشدا زۆرینەی خەڵكی ئەو هەرێمە رەزامەند بن). ئەم بڕگەیە ڕوونە كە نە دەتواندرێت هەرێمی كوردستان لە ڕێی هەمواری دەستوورەوە هەڵبوەشێندرێتەوە، نە تەنانەت دەتواندرێت هیچ دەسەڵاتێكی كەم بكرێتەوە، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی رەزامەندی بدات و پاشان زۆرینەی خەڵكی كوردستان هەموارەكە قەبووڵ بكەن كە ئەویش بە ڕای من لە موستەحیل، موستەحیلترە. تێبینی: لە دەسەڵاتەكانی هەرێمەكان، بڕگەی یەكەمی ماددە 117 بە ڕوونی دەڵێت: (ئەم دەستوورە لە كاتی بەركاربوونیدان، دان بە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیدا دەنێت، وەك هەرێمێكی فیدرالی).

Back to top button