كوردی عربي English
چالاكیەكان

تۆمارى رەفتارى دادوەران و پارێزەران ڕاگەیاندرا

رۆژى دووشەممە رێکەوتى 15-05-2023 بە ئامادەبوونى بەڕێز دادوەر عبدالجبار عەزیز حەسەن، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەریى هەرێمى کوردستان و بەڕێز بەختیار حەیدەر، سەرۆکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و خاتوو شیلان عارف، بریکارى وەزیرى داد و بەڕێزان ئەندامانى دادگاى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان و ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران و دادوەران و پارێزەران، تۆمارى رەفتارى دادوەران و پارێزەران ( مدونة سلوک القضاة ومدونة سلوک المحامین) ڕاگەیاندرا و نمایشکرا.

کۆنفرانسەکە کە رێکخراوى لێکۆڵەر بۆ سەروەرى یاسا بە هاوکارى ئەنجومەنى دادوەریى هەرێمى کوردستان و سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بە پشتیوانى سندوقى نیشتمانى بۆ دیموکراسى ئەمەریکاییى لە هوتێلى دیڤان لە شارى هەولێر ئەنجام درا، سەرەتا د.احمد میران سەرۆکى رێکخراوى لێکۆڵەر، دواى بەخێرهاتن کورتەیەکى لەسەر هەردوو تۆمارەکە بۆ ئامادەبووان شى کردەوە، کە لەماوەى رابوردوو بە هەماهەنگى هەردوولا (ئەنجومەنى دادوەرییى و سەندیکاى پارێزەران) ئامادەکرا و گرینگى ئەو تۆمارەى خستە ڕوو. دواتر بەڕێز بەختیار حەیدەر سەرۆکى سەندیکاى پارێزەران وتەیەکى پێشکەش کرد و سوپاسى رێکخراوى لێکۆڵەرى کرد و بەهەمان شێوە گرینگى ئەو تۆمارەى خستە ڕوو، بەتایبەت بۆ پارێزەران کە چوارچێوەى کارکردن، رەفتار و ئاکار و مامەڵەکردنیان زیاتر بۆ رێک دەخات و هۆکار دەبێت لە بەرز کردنەوەى کوالێتى پیشە و رەفتارى پارێزەرایەتى.

هەر لە بەرنامەى ئەجێنداکە، بەڕێز پێشەوا حوسامەدین بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە لە رێکخراوى لێکۆڵەر، کورتە و پوختە و کارکردنى رابوردووى لەسەر هەردوو تۆمارەکە و کارى هاوبەشى لەگەڵ هەردوولا خستە ڕوو.

دواتر هەریەک لە بەڕێزان دادوەر نیگار ئەحمەد ئاغا، جێگرى سەرۆکى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر و د.پەرێز مەنتک ئەندامى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران، هەر یەکە و بەجیا نمایشێکى دەقەکانى تۆمارى رەفتارى دادوەران و پارێزەرانیان بە جیا بۆ ئامادەبووان نمایش کرد و شى کردەوە و کە لەماوەى داهاتوو، دواى بڵاوکردنەوەى بەشێوەیەکى فەرمى دەچێتە وارى جێبەجێکردن.

پاشان کۆتاییى بە مەراسیمەکە هێنرا و وێنەیەکى بە کۆمەڵ بۆ یادگارى چرکێندرا

Back to top button