كوردی عربي English
بەیاننامەكان

بەیاننامە

بەیاننامە

بەداخەوە دادگاى فیدڕاڵى عێراق رۆژى 15/2/2022 لە دۆسیەى ژمارە (59/أتحادیة/2012 و موحدتها 110/اتحادیة/2019) لەبرى دەرکردنى بڕیارى یاساییى دەستوورى، بڕیارێکى سیاسى دژى هەرێمى کوردستان، قەوارە و دەسەڵاتە دەستورییەکانى دەرکرد.

لەکاتێکدا ئەو دادگایە کە پێویستە وەک مەرجەعێکى دادوەری، ببێتە شوێنى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان و لابردنى مەزڵومییەتى سەر گەلانى عێراق و هاووڵاتییانى، ئەویش بە پابەندبوونى دادگا بە دەستوور و مافە دەستوورییەکان. کەچى بەداخەوە بەو بڕیارەى دەرکەوت، کەوا بۆتە تەرەفدار و کێشە و ناکۆکییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقى ئاڵۆزتر و قووڵتر کردەوە.

ناوەڕۆکى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵ تەواو نادەستووریى و نایاساییە و هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێم، کە لە دەزگایەکى فەرمیى دەستوورى تەشریع کراوە، کارەساتێکى زۆر مەترسیدارە و بەهیچ شێوەیەکى قابیلى قبووڵ کردن و جێبەجێکردن نییە و رێک پێچەوانەى ماددەکانى (115) و (117)ى دەستوورى عێراقە.

دادگاى فیدڕاڵ، بە تەواوى پێشێلى ماددەى (112)ى دەستوورى هەمیشەییى عێراقى کردووە، کە زۆر بە ڕوونیى و ئاشکرایى دان بە مافى حکومەتى هەرێمەکان و پارێزگاکان دەنێت، بۆ بەڕێوەبردنى هاوبەشى نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ. کەچى بەداخەوە لە بڕگەى (2)ى بڕیارەکەى، ئەو مافەى بە تەواوى داوەتە حکومەتى فیدڕاڵ و مافى دەستوورى هەرێمى کوردستانى پێشێل کردووە.

دادگاى فیدڕاڵ، لایەنگیرییەکەى ئەوەندە زەق و ئاشکرایە، لە بڕگەى (3)ى بڕیارە نادەستوورییەکەى، ڕێ بە وەزارەتى نەوتى فیدڕاڵ نیشان دەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەکانى نەوت و گازى هەرێم لەگەڵ وڵات و کۆمپانیاکان. دەیەوێت بەو بڕیارەى ئیدى ئاڵۆزییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەک قووڵ بکاتەوە، کە لە تواناى چارەسەرکردن بەتەواوى بچێتە دەر.

بۆیە وەک سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، ئەو بڕیارە، بە بڕیارێکى نادەستوورییى و نایاساییى دەناسێنین و هیوادارین دادگا بە بڕیارى خۆى دابچێتەوە و تا کار لە کار نەترازەوە، بڕیارەکەى خۆى ڕاست بکاتەوە. بەپێچەوانەوە هیچ بەهایەکى دەستووریى و یاساییى بۆ ئەو دادگایە نامێنێتەوە و متمانەى خۆى بە تەواوى لەدەست دەدات و ئێمەش لە سەندیکاى پارێزەران وەک دەزگایەکى دەستووریى و یاسایی، ئامادەى گشت رێکارێکى یاساییى و دادوەریین بۆ پاراستنى مافەکانى هاووڵاتییانى کوردستان و قەوارەى هەرێمى کوردستان.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان

16-2-2022

Back to top button