كوردی عربي English
بەیاننامەكان

بەیاننامە

بەیاننامەیەک لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانەوە

لەکاتێکدا زۆر دڵگرانین بە خۆسووتاندنى کوردێکى رۆژهەڵاتى کوردستان لەبەردەم بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و هیواى چاکبوونەوە و شیفاى بۆ دەخوازین، بە تەواوى سەرکۆنەى ئەو هەڵسوکەوتەى ڕاگەیاندنکارانەى بەردەمى دەکەین، کە زۆر بە ڕوونى دەردەکەوێت کە هیچ هەڵوێستێکى مرۆڤدۆستانە نانوێنن و نابنە هۆکارێک بۆ ڕوونەدانى ئەو ڕووداوە جەرگبڕە. کە خۆى لە خۆیدا بەپێى یاساى سزاکانى عێراقى ژمارە 111ى ساڵى 1969ى هەموارکراو، ئەو هەڵسوکەوتەى ئەو ڕاگەیاندنکارانە، بە تاوان هەژمار دەکرێت، بەهەمان شێوەش پێچەوانەى رەفتارى رۆژنامەگەرییە، کە لەنێو پرنسیپەکانى بەڵێننامەى (میثاق شرف)ى فیدراسیۆنى نێودەوڵەتیى رۆژنامەنووسان لە جاڕنامەى بۆردۆ لە ساڵى 1954، ڕاگەیاندراوە و وەک بەشێک لە یاساى رۆژنامەگەرى لە کوردستان ژمارە 35ى ساڵى 2007 لە ماددەى نۆیەم، بڕگەى حەوتەم پشتبەست کراوە.

ئەو هەڵسوکەوتە نابەرپرس و نامرۆییانەى ئەو ڕاگەیاندنکارانە و هەڵسوکەوتى ڕابوردوو و بەردەوامى بەشێک لە میدیاکارانى کوردستان، لە دەزگا و ماسمیدیا فرەچەشنەکانى کوردستان، بە تەواوى جێگەى نیگەرانییە و هەڵوەستەى تەواوى ئێمە لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و یاساناسان و کۆمەڵگاى لەسەرە.

نموونەى ئەو پێشێلکارییى و دەرچوون لە داب و نەریت، تەگەرەخستنى رێکارەکانى دادگا و لێکۆڵینەوەکان، شێواندنى راستییەکان، خستنە ڕووى زانیاریى نادروست، پێش ڕووداو کەوتن و تۆمەتبارکردنى هاووڵاتییى و دەزگاکان بەبێ پشتبەستى یاسایی، بڕیاردان لەبرى گواستنەوەى هەواڵ و رووداو، زۆرانێکى تر لەو سەرپێچیى و ئاکارە نادروستانەى بەشێک لە راگەیاندنکارەکان بەتەواوى نیگەرانیى کردووین و کاریگەرى نەرێنییان لەسەر ناخى تاک و کۆمەڵگا دروست کردووە و زۆرجار بوونەتە هۆکار بۆ دروستبوونى تاوان و ئەنجام دانى پێشێلکارى.

بەداخەوە بەشێک لەو رۆژنامەنووسانە، تاکلایەنە لەپێناوى خۆدەرخستن و زیادکردنى بینەر و بیسەر و فۆڵۆوەر، بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامە نەرێنییەکانى کارەکانیان، ئەو هەڵسوکەوتانە دەکەن و کارەساتتر لەوەش هێندێکجار وا هەست دەکرێت کە وەک ئامرازێک لەلایەن بەڕێوەبەر و کەناڵەکانیانەوە لەسەر ئەو تەوژمە ئاڕاستە دەکرێن.

بۆیە وەک هەستکردنێکى بەرپرسیارییەتى، داوا لە گشت ڕۆژنامەنووس، ڕاگەیاندنکار، میدیا و بەڕێوەبەرایەتیى گشت میدیاکانى بینراو، بیسراو، خوێندراو و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە سنوورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابنێن و هەمووان لەژێر چەتری یاسا و بەرپرسیارییەتیى و گەیاندنى هەواڵى دروست و تەندروست کار بکەن.

داواش لە سەرۆکایەتیى داواکارى گشتیى کوردستان دەکەین، کە دەستەیەکى تایبەت بە چاودێریکردنى ئەو میدیا فرەچەشنانە دابنێت و پێشێلکارییەکان دەستنیشان بکەن و بەپێى یاساى رۆژنامەگەرى لە کوردستان ژمارە 35ى ساڵى 2007 سەرپێچیکاران و تۆمەتباران، ڕەوانەى دادگاکانى لێکۆڵینەوە بکرێن، بۆ ئەوەى رێککارى دادوەرییى و یاساییان دەرحەق بگیرێتە بەر.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان

19/05/2021

Back to top button