كوردی عربي English
بەیاننامەكانچالاكیەكان

بەیاننامەیەک لە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانەوە

هەموو ساڵێک لە سێى کانونى دووەم، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، بەبۆنەى دامەزراندنییەوە یاد و مەراسیم ساز دەکات و چالاکى جیاواز ئەنجام دەدات. ئەمساڵیش بەبۆنەى تێپەڕبوونى سى و یەک ساڵ بەسەر دامەزراندنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، وێراى پیرۆزباییى لە خۆمان و گشت پارێزەرانى کوردستان، کە رۆژێکى پیرۆزە و پارێزەرانى شانازى بەو رۆژە دەکەن، کە مێژوویەکى پڕشنگدارى هەیە و پارێزەران لەو رۆژەدا سەربەخۆیانە و بوێرانە بڕیاریان دا نەچنەوە ژێربارى بڕیارى ناوەندیی رژێمى ئەوساى عێراق و ببنە خاوەنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، كە ئێستا بۆتە دەزگایەکى بەهێزى یاساییى لە کوردستان و عێراق و نزیکەى 20000 پارێزەرى تێدا تۆمارە و کارەکانى بەشێوەیەکى یاساییانەى دەزگاییى بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 36 لق و ژوورى لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان هەیە و پەیوەندییەکى تۆکمەى لەگەڵ دەسەڵاتەکانى یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریى هەیە.

بەڵام بەهۆى ئەو دۆخەى کە کوردستان و عێراق پێى تێپەڕ دەبێت، بەتایبەت ئەو دۆخە ئابوورییەى کە حکومەتى عێراقى بەسەر مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى هێناوە و سێ مووچەى ساڵى 2023ى فەرمانبەران دابەش نەکراوە، کە بەرپرسیارییەتى سەرەکى لە ئەستۆى حکومەتى عێراقدایە و داواکارین لە ساڵى 2024 گشت ئەو کێشانە چارەسەر بکات و مووچەى فەرمانبەرانى کوردستان بخاتە دەرەوەى گشت ململانێى و کێشە سیاسییەکان و نابێت بەهیچ شێوەیەک جیاوازى لەنێوان فەرمانبەرانى عێراق و کوردستان بکات و پێویستە بە تەواوى بەرپرسیارییەتى داراییى و ئەخلاقى لەو بارەیەوە لە ئەستۆ بگرێت و دەستوور جێبەجێ بکات و رێگە بەوە نەدات، بە بیانووى کەموکوڕى یاساى بودجە، مووچەخۆرانى هەرێم سزا بدرێن.

هەروەها ئەو هێرش و پەلاماردانە ناڕەواییانەى کە ماوەیەکە لەسەر هێزەکانى پێشمەرگە و فڕۆکەخانە و دەزگا فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان هەیە بەهۆى درۆن و هێزە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، بە توندى ئیدانە دەکەین و پشێوى و ئاڵۆزى لە هەرێم و عێراق دروست دەکات، کە پێویستە حکومەتى عێراق و فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە ئەرکى خۆى هەڵسێت و ئەو هێزە چەکدارییى و لایەنانەى لە پشتیەوەن سزا بدات و هیچ بوارێک بۆ پێشێلێکردنى سەروەرى هەرێم نەدرێت، کە پێشێلکردنى سەروەرى عێراقە و دەبێت بەدواداچوونى جیددى بکرێت و تاوانباران بە توندترین شێوە سزا بدرێن و تاوانى لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە. بەپێچەوانەوە داهاتووى عێراق بە ئاقارێکى نادیار تێپەڕ دەبێت و پشێوى گەورە رووبەڕووى وڵاتەکە دەبێتەوە.

هەر بۆیە سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان بەپێویستى زانى ئەمساڵ هیچ مەراسیمێکى خۆشیى و ئاهەنگ و پێشوازیکردن لە میوانان و هەر جۆرە چالاکییەکى دیکە بەو بۆنەیەوە لە گشت لق و ژوورەکان و بارەگاى سەرەکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان ئەنجام نەدات.

بۆیە لە رێگاى ئەو بەیاننامەیەوە، دووبارە پیرۆزباییى خۆمان ئاڕاستەى گشت پارێزەرانى کوردستان و ئەندامانى سەندیکاکەمان دەکەین و هیوادارین لە ساڵى داهاتوو و لە سێى کانونی دووەم، بەشێوەیەکى فراوان ئەو یادە بەرز و پیرۆز ڕابگرین، خۆشییى و شادى پارێزەران هاوزەمان بێت لەگەڵ خۆشیى و شادى فەرمانبەرانى کوردستان و گشت چین و توێژەکانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان و سەقامگیرییى و تەناهیى و ئارامى سەرتاپاى هەرێمى کوردستان بگرێتەوە.

دووبارە پیرۆزە و هەر گەشاوە بێت رۆژى پارێزەرانى کوردستان

سەندیکای پارێزەرانی کوردستان

Back to top button