كوردی عربي English
بەیاننامەكانچالاكیەكان

بەیاننامەیەک بەبۆنەى رۆژى پارێزەران

بەبۆنەى رۆژى پارێزەرانى کوردستان، کە لە رێکەوتى (3-1)ى هەموو ساڵێک یاد دەکرێتەوە، بەناوى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەران پیرۆزباییی لە خۆمان و تەواوى پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین.

سى و یەک ساڵ بەر لە ئێستا و لە 3-1-1993 پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى فەرمى، بڕیارى دانپێنانى بە دەستەى کاتى دامەزرێنەرانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کرد، کە (10) پارێزەرى کوردستان، کە بەڕێز سەرۆکى ئێستاى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، یەکێک بوو لەوان، وەکو ئەرکێکى نیشتمانیى و کوردستانیى و پیشەییانە، سەندیکاى پارێزەرانى کوردستانیان دامەزراند.

پارێزەران گرینگترین توێژى کۆمەڵگان و سەرمەشقى پێشکەوتنى سەقامگیرییى، سەروەریى و جێبەجێکردنى یاسان لە هەر جڤاکێک.

پارێزەران کە ئەندامى خێزانى دادوەریین و بە دادوەرى وەستاو دەناسرێن، تەواوکەریى سیستەمى دادوەریین و پێکەوە لەگەڵ ئەندامانى دادوەرى دانیشتوو و ئەندامانى داواکارى گشتیی، لەپێناو تۆکمەکردنى سیستەمەکە و راپەڕاندنى کارى دادوەرییى و بەرپاکردنى دادپەرروەرى کار دەکەن.

لەهەر وڵاتێک و ناوچەیەکى ئەو جیهانە، پارێزەران کەشێکى یاساییى و دروستیان بۆ بڕەخسێت و ڕاوێژى یاساییى پێویستیان لێ وەربگیرێت و لە بۆتەقەى یاسا کاروبارى هاووڵاتییان ڕابپەڕێنن،دام و دەزگاى فەرمیى و کەرتى تایبەت پێش دەکەوێت و خۆشگوزەرانى پەرە دەسێنێت.

پێویستە پارێزەران تەواو ئازاد بن لە بریکارییەتى مافى بەرگریکردن لە هاووڵاتییان، تا ئەو پرەنسیپ و مافە جێگیرتر و چەسپاوتر و رێزلێگیراو تر بکرێت، دیموکراسیى و ئازادى پتر لە وڵات پێش دەکەون.

لەهەر کونجێکى ئەو زەمینە، پارێزەران بەهێز بن و پێگەى یاساییى و کۆمەڵایەتیى تەواوى خۆیان پێ بدرێت، سیستەمى بەڕێوەبردن و سیاسیى ئەو شوێنە، جێگاى متمانەى زیاتر دەبێت.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، هەموو هەوڵ و تەقەڵایەکى بۆ ئەوەیە پارێزەران لە چوارچێوەى یاساى پارێزەرایەتیى و یاسا بەرکارەکانى کوردستان و عێراق و پێوەر و پرنسیپە نێودەوڵەتییەکان رێک بخات و پێگەى ئەندامانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە پارێزەرانى ئازیزن، بەرزتر و گەورەتر بکات.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بەپێى یاسا دامەزراوە و بەپێى یاساش کار دەکات، پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتەکانى تەشریعیى و جێبەجێکردن و دادوەریى لە هەرێمى کوردستان لەسەر بنچینەى رێزگرتن لە یاسا و پارێزەران و جێبەجێکردنى یاسایە. هەمیشە داواکاریمان ئەوە بووە و دەبێت، کە پێویستە لەو چوارچێوەیە لە پێگەى پارێزەران بڕوانن. هەرچەندە لێرە و لەوێش کەمتەرخەمیى و کەموکوڕیش هەبووە، بەڵام سەندیکا بەردەوام لە هەوڵ و هەماهەنگى دا بووە و دەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەموو رێگا پیشەییى و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پارێزەران دەگرێتە بەر.

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، کە بە تەواوی پشت بە داهاتەکانى خۆى دەبەستێت، کە بە سیستەمێکى ژمێریاریى تۆکمەى وردبینیکراو لەلایەن چاودێریى دارایى هەرێم، بەڕێوەدەچێت و سیستەمێکى خانەنشینى سەربەخۆى هەیە و مافى پارێزەران بە تەواوى دەستەبەرە لەڕووى خانەنشینیەوە.

لەماوەى ساڵى رابوردوو دەستکرا بە پرۆسەى بایۆمێترى پارێزەران، کە لە پێناو بەرژەوەندیى پارێزەرانى راستەقینە بوو و لیستى پارێزەران بە تەواوى پاککرایەوە و ئەمەش بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران و فەرمانگەى تەکنەلۆژیاى زانیارى بوو، کە جێگاى خۆیەتى دەستخۆشیان لێ بکەین.

پارێزەران ئەمساڵ، دەبنە خاوەنى باڵەخانەیەکى شیاو بە پێگەى خۆیان و کاروبارەکانیان ئەمساڵ لەو باڵەخانەیە جێبەجێ دەبێت و پلانى سەندیکا ئەوەیە کە لەماوەى داهاتوو کاروبارەکان لە پڕۆژەیەکى تەکنەلۆژیاییى تۆکمە، بە ئەلیکترۆنى بکرێت.

هەروەها بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى رۆشنبیریى و یاساییى و پیشەیى پارێزەران، پلانى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان ئەوەیە کە پەیمانگاى پارێزەرایەتیى بکرێتەوە، کە بەشێکى باڵەخانەکەى سەندیکا بۆ ئەو پەیمانگایە تەرخان کراوە و پێداویستییەکانیشى دابین کراون.

وەک ئەنجومەنى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان، دووبارە پابەندبوونى خۆمان بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارێزەران دەکەینەوە، هەروەک لەماوەى پێشووتر ئەنجاممان داوە و ئامادەى گشت هاوکارییى و هەماهەنگییەکین لەگەڵ لیژنەى سەرپەرشتیى و لایەنەکانى پەیوەندیدار بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.

وەک ئەرکێکى یاساییى و پاڵپشتیمان بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش داواکارین کەوا حکومەتى فیدڕاڵ ئەرکە دەستوورییى و داراییەکانى بەرانبەر حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانبەران جێبەجێ بکات و لەژێر هیچ بیانوو و پاساوێک ئەو بابەتە وەک چەکێکى سیاسى بەکار نەهێندرێت. پێویستیشە تا زووە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێک بهێنرێت و بە تەباییى و یەکگرتوویى مامەڵە لەگەڵ حکومەتى عێراق و لایەنە ئیقلیمیى و نێودەوڵەتییەکان بکرێت، بۆ ئەوەى کورد و هەرێمى کوردستان لەو گۆڕانکارییە گەورانەى کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، بەهێزەوە دەربکەوێت.

دووبارە پیرۆزباییى ئەو رۆژە (3-1) لە هەموو پارێزەرانى خۆشەویست دەکەین، هیوادارین پێکەوە هەموومان پارێزگارى لە بەرزى پیشەى پیرۆزى پارێزەرایەتی بکەین و دەست لەناو دەست، پارێزەران لە پێگە و مەنزڵگاى گەورە ببینین.

هەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن

سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان

Back to top button