كوردی عربي English
چالاكیەكان

باڵەخانەیەک بۆ ژوورى پارێزەرانى کۆیە

ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتى 20-11-2022 وەفدێکى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان بژار عەللاف و طارق گەردى، سەردانى ژوورى پارێزەرانى شارۆچکەى کۆیەیان کرد و لەلایەن بەڕێزان رۆستەم قادر، بەرپرسى ژوورى پارێزەرانى کۆیە و بڕیار مشیر، جێگرى بەرپرسى ژوور و بەشێک لە پارێزەرانى شارۆچکەکە بەخێرهاتن و پێشوازى کران.

مەبەستى وەفدى سەندیکا، بریتى بوو لە نزیکەوە ئاگاداربوون و بەدواداچوون بۆ دروستکردنى باڵەخانەى ژوورى پارێزەرانى کۆیە، کە دواى پەسەندکردنى لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى سەندیکا، بڕیارە لەو ماوەیە نزیکە دەست پێ بکات و ژوورێک و هۆڵێکى شیاو بە پارێزەرانى خۆشەویستى کۆیە دروست بکرێت.

پاشان وەفدى سەندیکا سەردانى هەریەک لە بەڕێزان (دادوەر هیمداد مەجید، دادوەر ئاڤان موحسین، دادوەر جاسم، دادوەرى داواکارى گشتى حەنان ئیسماعیل)یان کرد و گەنگەشەى کۆمەڵێک بابەتى پەیوەست بە کارى دادگا و کارى پارێزەران و گرینگى هەماهەنگى نێوان دادوەریى وەستاو و دادوەریى دانیشتوو کرایەوە.

بەڕێز بژار عەلاف، بەناوى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و ژوورى پارێزەرانى کۆیە، سوپاسى بەڕێز دادوەر هیمداد مەجیدى کرد بۆ هاوکاریکردن لە پلانى دروستکردنى ژوورى پارێزەرانى کۆیە و گشت ئەو ئاسانکارییانەى کەلەماوەى ڕابوردوو کردویەتى. بەڕێز دادوەرى یەکەمى دادگاى کۆیەش پێزانینى هەبوو بۆ سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان و وەفدى سەندیکا و پارێزەرانى کۆیە و هەمیشە ئامادەگیى و هاوکارى بۆ خزمەتکردنى یاسا و سەروەریى یاسا ڕاگەیاند، کە یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانى جێبەجێکردنى یاسا پارێزەرانن.

Back to top button