كوردی عربي English
چالاكیەكان

بارزانى پێشوازى لە وەفدێکى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق دەکات

ئەمڕۆ بەڕێز مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتیى دیموکراتیى کوردستان لە پیرمام، پێشوازى کرد لە وەفدێکى سەندیکاى پارێزەرانى عێراق بە سەرۆکایەتیى خاتوو ئەحلام لامى، نەقیبى پارێزەرانى عێراق، کە بەڕێز بەختیار حەیدەر، سەرۆکى پارێزەرانى کوردستان و بەشێک لە پارێزەرانى کەرکوک یاوەرى بەڕێزیان بوو.
لە دانیشتنێکدا، دواى بەخێرهاتن، بەڕێز نەقیبى پارێزەرانى عێراق ستایشى سەرۆک بارزانى کرد لەو هەڵوێست و رۆڵانەى بە درێژاییى مێژوو و بەتایبەت لەو ساڵانەى دواییى هەیبووە و کۆکەرەوەى بیروڕاجیاوازەکان و چارەسەرکەرى کێشە سیاسییى و ململانێى هێز و لایەنە عێراقییەکان بووە. ئەمە جگە لەوەى رۆڵى گرینگى لە پێکەوەژیان و لەخۆگرتنى ئەو هەموو هاووڵاتییە عێراقییانە بەدەر لە بیرکردنەوە و ئاین و نەتەوە، کە لە چنگ داعش پەنایان بۆ هەرێمى کوردستان هێنا.
لەو دیدارە کە بەڕێز فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتیى هەرێم لە بەغداش ئامادەى بوو، گرینگى جێبەجێکردنى یاسا و رێزگرتن لە دادگا و سەربەخۆییى کرایەوە و سەروەرى خاکى هەرێمى کوردستان و عێراق دووپات کرایەوە و پێرۆزى خاکەکەى جەختى لێ کرایەوە بەرانبەر هەر هێرش و پەلاماردانێکى ناوخۆییى و دەرەکى.
هەموارکردنى یاساى پارێزەرایەتیى عێراقى، تەوەرێکى دیکەى باسى دانیشتنەکە بوو، کە بەڕێز نەقیبى پارێزەرانى عێراق داواى لە سەرۆک بارزانى کرد، کە لە رێگاى نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق پشتگیرى دەنگدان لەسەرى و هەموارکردنى پەسەند بکرێت و لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانى بەڵێنى هاوکاریى و پاڵپشتى بۆ یاسا و پارێزەران راگەیاند.

Back to top button